ئەو 15 كەسەی لە زاخۆ دەستگیركران تا ئێستا ئازاد نەكراون

  2020-08-08  | 
دۆسیە:  دهۆک
 مێهڤان مەجید
دوێنێ هێزە ئەمنیەكانی زاخۆ لە ناڕەزایی دەربڕینی دوو گروپی خەڵكدا 15 كەسیان دەستگیركردووە و تا ئێستاش ئازاد نەكراون.

ئێوارەی دوێنێ كەسوكاری ئەو ئافرەتەی لە دهۆك دوای تووشبوونی بە كۆرۆنا گیانی لەدەستدابوو كەسوكارەكەی رایانگەیاند بەهۆی نەمانی ئۆكسجین گیانی لەدەستداوە، دوێنێش بۆ ئەو مەبەستە خۆپیشاندانێكیان ئەنجامدا. 

خۆپیشاندانەكەی دوێنێ كە نزیكەی 100 كەسێك تێیدا بەشدار بوون لە نزیك پردی دەلال لە زاخۆ ئەنجامدرا و داوایاندەكرد لێكۆڵینەوە لە گیان لەدەستدانی ئەو ئافرەتە بكرێت، هاوكات ژمارەیەك لە دەرچوانی زانكۆ و پەیمانگاكانیش لە هەمان شوێندا داوای دامەزراندنیان دەكرد. 

لەو خۆپیشاندانەدا هێزە ئەمنیەكان رێگریان كرد و لە ئەنجامدا 15 كەس دەستگیركران، حاجی یوسف، یەكێك لە كەسوكاری ئەو ئافرەتەیە كە گیانی لەدەستدا بە (تۆڕی ھەواڵی ژیان)ی ڕاگەیاند " دوێنی بە مەبەستی داوای ئاشكراكردنی راستی گیان لەدەستدانی ئەو ئافرەتە ، نزیكەی 100 كەس لە كەسوكارمان خۆپیشاندانێكمان ئەنجامدا بەهۆیەوە 15 كەس دەستگیركران و سێ لەوانە برای منن و تا ئێستا ئازاد نەكراون". 

ئەو كەسانەی دەستگیركراون بەشێكیان بەهۆی ئەوە بووە كە هاوكاتی خۆپیشاندانی كەسوكاری ئەو ئافرەتە بەشێك لە دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكان داوای دامەزراندنیان دەكرد.  


ڕیکلام