تەڤگەری ئازادی: پارتی هەڵمەتێكی بۆ دەستگیركردنی ئەندامەكانمان دەستپێكردووە

  2020-08-08  | 
دۆسیە:  هەولێر
 تۆڕی هەواڵی ژیان
تەڤگەری ئازادی رایگەیاند، پارتی لە هەولێر ماوەی سێ رۆژە هەڵمەتێكی دەستگیركردنی ئەندامەكانیانی دەستپێكردووە و تا ئێستا چوار ئەندامیان دەستگیركراوە.

تارا حسێن، جێگری هاوسەرۆكی تەڤگەری ئازادی، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: تەڤگەری ئازادی رێكخستنێكی سیاسی مۆڵەت پێدراوە لە ئاستی عێراق، بەڵام ماوەی سێ رۆژە ئاسایشی پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵمەتێكی نوێی بۆ دەستگیركردنی ئەندامانمان دەستپێكردووە. 

ئەو باسی لەوەشكرد، ئەندامانی تەڤگەری ئازادی هیچ موچەیەكی حزبیان نیە و خاوەنی رابردوویەكی پاكن، بەڵام بەداخەوە پارتی دیموكراتی كوردستان كە نەك پارتە نە دیموكراتە نە سیاسیە نە كوردستانیە، بۆیە هەموو رۆژێك پێشێلكاریەكانی بەرامبەر ئەندامانی ئێمە زیاتر دەكات و دەستگیریان دەكات. 

جێگری هاوسەرۆكی تەڤگەر راشیگەیاند، تاكە تاوانی ئەندامانی ئێمە ئەوەیە كە خاوەن فكرن، خاوەن ئایدۆلۆژیان لەبریئەوەی هاوشێوەی پارتی ببنە سیخوڕی وڵاتان خەمی ئەو میللەتەیان خواردووە. 

ئەوەشی راگەیاند: پارتی دیموكراتی كوردستان پلانی مەترسیدارتری هەیە بۆ هەرێمی كوردستان ئێمە ئاگادارین ئەو حزبە دەیەوێت زیاتر دەستی داگیركەران لە كوردستاندا زیاد بكات و ئەو هەناسەیەی لە هەولێر و سۆراندا هەیە بە یەكجاری بیگرێت. 

رەخنەی لە پارتە سیاسیەكان و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان گرت بەهۆی ئەوەی لەسەر ئەو پێشێلكاریانەی بەرامبەریان دەكرێت هیچ هەڵوێستێكیان نەبووە. 

تارا حسێن ئاشكرایكرد جگە لەو دوو ئەندامەیان كە دوو رۆژ پێش ئێستا دەستگیركرابوون ئەمڕۆش ئەندامێكی دیكەیان دەستگیركراوە، هیواداریشە حزبەكان و رێكخراوەكان لەو بارەیەوە بێنە دەنگ لەبەر ئەوەی مەترسی لەسەر ئەندامەكانی ئەوانیش هەیە. 

  لە وەڵامی پرسیارێكی پەیامنێری ژیان رایگەیاند، هیچ هەڤاڵێكی ئێمە نەماوە لەو شارە دەستگیربكرێن، ئەوە هەر بۆ هەڤاڵانی ئێمەش نیە كە دەستگیردەكرێن بۆن نمونە ئەوانەی لە ساڵی رابردوو لە شیلادزێ دەستگیركران ئەندامی تەڤگەریش نەبوون بەڵام تا ئێستا ئازاد نەكراون. 


ڕیکلام