ئێران.. باوک و کچێکی لوبنانی لەبەردەم ماڵی ئەبومەهدی موهەندس کوژران

  2020-08-08  | 
تاران
باوک و کچێکی لوبنانی لەبەردەم ماڵی ئەبومەهدی موهەندس لە تاران کوژران
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
باوک و کچێکی لوبنانی لەبەردەم ماڵەکەی ئەبومەهدی موهەندس لە تارانی پایتەختی ئێران کوژران.

میدیاکانی ئێران بڵاویانکردووەتەوە، شەوی رابردوو پیاوێکی بەڕەگەز لوبنانی بەناوی حەبیب داوود و کچەکەی مریەم داوود لە شەقامی پاسدارانی شاری تاران و لەبەردەم ماڵی ئەبومەهدی موهەندس سەرۆکی پێشووی دەستەی حەشدی شەعبی، کوژراون.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، حەبیب داوود تەمەنی ٥٨ ساڵ و کچەکەی تەمەنی ٢٧ ساڵ بووە، حەبیب مامۆستای بەشی مێژوو بووە لە یەکێک لە زانکۆکانی تاران.

بەوتەی چەند شایەتحاڵێک، ئەو دوو هاوڵاتییەی لوبنان، لە لایەن دوو ماتۆڕسوارەوە تەقەیان لێکراوە و لەناو ئۆتۆمبێلەکەیاندا کوژراون.

ئەگەرچی تا ئێستا پۆلیسی تاران هیچ زانیارییەکی سەبارەت بە دەستگیرکردن یاخود نەکردنی تەقەکەران و هۆکاری رووداوەکە بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ئاماژە بەوەکراوە کە کوژراوەکان ئەندامی حزبوڵڵای لوبنان بوون و لەلایەن کەسانێکی نەناسراوەوە کوژراون.

سەرەتای مانگی ٢ی ئەمساڵ، ئەبومەهدی موهەندس سەرۆکی پێشووی دەستەی حەشدی شەعبی لەگەڵ قاسم سلێمانی فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا لەلایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمریکا کرانە ئامانج و کوژران. هاوسەری ئەبومەهدی موهەندس بەڕەگەز ئێرانی بوو و ئەمە بۆ یەکەمجارە شوێنی نیشتەجێبوونی ناوبراو لە تارانی پایتەخت ئاشکرا دەکرێت.



ڕیکلام