دەزگای ئاسایش: ژمارەیەک تیرۆریست دەستگیرکران

  2020-08-08  | 
هەولێر
دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیرکردنی ژمارەیەک تیرۆریستی راگەیاند
فۆتۆ: دەزگای ئاسایش
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ، زانیاری سەبارەت بە دەستگیرکردنی ژمارەیەک تیرۆریست بڵاودەکاتەوە.

دەزگای ئاسایشی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای چاودێری و بەدواداچوونی ورد زانیاری و بەڵگەی دروست بەدەست هاتن و پاش رەزامەندی دادوەر، بە بڕیاری سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێم، هێزەکانی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی بەهاوکاری بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی هەڵمەتی دەستگیرکردنی تیرۆریستانیان لەسنوری چەمچەماڵ دەستپێکردووە و لەچەند ئۆپراسۆنێکدا رۆژی ٤ /٨ تیرۆریستانی  تاوانبار  (ج .م تەمەن ٢٦ ساڵ و تیرۆریست ئ .ه تەمەن ٣٠ ساڵ دەستگیرکران  کە هەردووکیان خەڵکی فەلوجەن).

ئاماژە بەوەشکراوە، لەکاتی دەستگیرکردنی، تیرۆریست ( م.ه تەمەن ٢٩ ساڵ ) لەدەست ھێزەکانی ئاسایش ھەڵاتووە و دواتر بە برینداری دەستگیرکراوە،   کە  ساڵی ٢٠١٤ بەیعەتیان داوە بەداعش و چەکدار بوونە و بەشداربوونە لەچەندین تاوانی دەرحەق بە مرۆڤایەتی.

ئەوەشخراوەتەڕوو، هەر لەمیانی بەردەوامی لێکۆڵینەوەکان پەیوەست بەو دۆسێیە،  هێزەکانی ئاسایش رۆژی ٥/ ٨ لە دوو ئۆپراسێۆنی جیاجیادا، سێ تیرۆستی تریان لەسنوری بەردەقارەمان و ناو شاری چەمچەماڵ دەستگیرکردووە کە پەیوەندیان بەهەمان گروپەوە هەبووە و هەریەک لە تاوانباران (ع . م) تەمەن٣١ ساڵ   و  (ع . ع) تەمەن ٢٢ ساڵ کە خەڵکی مەحمودییەن، دوای هەڵھاتنی دەستگیکراوە،  هەمان ئێوارەش  لەناو شاری چەمچەماڵ تیرۆریست (ع . د) تەمەن ٢٩ ساڵ خەڵکی بەغدا دەستگیراکراوە کە  لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە و  رووبەرووی یاسا و دادگا کراونەتەوە.

هەر لە راگەیەندراوەکەی دەزگای ئاسایشی هەرێمدا هاتووە، بەپێی زانیارییە بەدەستهاتووەکان، تیرۆریستە دەستگیرکراوەکان لە خواروی عێراقەوە هەڵھاتوون و مەرامیان بووە لە سنوری چەمچەماڵ حەشارگەیەک دروستبکەن و رێگایەکی پەیوەندی دروستبکەن لەگەڵ چەند شانەیەکی نهێنی تیرۆرستانی داعش بۆ رێکخستنەوە و جێبەجێکردنی مەرامەکانیان بەڵام پێش دەستبەکاربوونیان پیلانەکەیان ئاشکراکراوە و دەستگیرکراون.

دەزگای ئاسایشی هەرێم راشیگەیاندووە، لەماوەی رابردوودا هێزەکانیان چەندین تیرۆریستی دیکەیان لەسنوری سلێمانی و گەرمیان و شاروشارۆچکەکانی هەرێم دەستگیرکردووە و لەبەر سەلامەتی لێکۆڵینەوە و ئارامی و ئاسایشی هاوڵاتیان زانیارییەکان پارێزراون و هێڵراونەتەوە و دۆسێکانیان لە لێکۆڵینەوەدان و لەداهاتوودا زانیاری وردیان لەبارەوە دەخرێتەڕوو.

جەختی لەوەشکردووەتەوە، تەواوی ھێزەکانیان شەونخونن بۆ پاراستنی ئۆقرەیی و سەروماڵی هاوڵاتیان و رووبەرووبوونەوەی هەر پیلانێک کە ژیان لە کۆمەڵانی خەڵک تێکبدات.




ڕیکلام