دانا مەنمی: دەزگای پارستنی پارتی پەلاماریان دام

  2020-08-08  | 
دانا مەنمی نوسەر و ڕۆژنامەنووس
دۆسیە:  سلێمانی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دانا مەنمی نوسەر و ڕۆژنامەنووس ڕایگەیاند، لەلایەن پێنج ئەندامی دەزگای پاراستنەوە هێرشی کراوەتەوە و بریندار کراوە.

دانا مەنمی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک وێنەیەکی خۆی بڵاوکردووەتەوە، کە سەری پێچراوە و خوێن بە سەرو دەموچاوو و جلەکانییەوەیە.

ئاماژەی بەوەشکردووە "ئەمڕۆ ٨ی٨ی٢٠٢٠ كاتژمێر ١٠:٢٥ دەزگای پاراستنی بەدناوی پارتی لەڕێگەی پێنج بەكرێگیراوەوە بە دەمانچە لە پشتی نەخۆشخانەی فاروق پەلاماریان دام".

ئاماژەی بەوەشکردووە، چەند جارێک لەلایەن دەزگای پاراستنی پارتییەوە پەیوەندی پێوەکراوە، کە ڕەخنە لە پارتی و بنەماڵەی بارزانی و مەلا مستەفا نەگرێت و داوایان لێکردووە سەردانیان بکات لە سلێمانی و پلەو پۆستی وەزیفەکانی پێشووی وەربگرێتەوە، بەڵام ئەو ڕەتیکردووەتەوە.

نووسیویەتی " ئەوەی ئەمڕۆ دەزگای پاراستنی بەدناو كردی بەرامبەر بە ئێمە پێشتریش بەرامبەر ئازادیخوازان و نوسەران و ڕۆژنامەنووسان كردوویەتی جگە لە خۆناشیرینكردن و بەدناوی ھیچی تری بۆ نەماوەتەوە ،ئەم كلتورە ناشیرینە كلتوری میراتی مەلا مستەفایە بۆ نەوەكانی ماوەتەوە ،پارتی ھەرچەندە گەورەو بەھێز بێت ،بارتەقای گەورەی و بەھێزییەكە لە دەنگی ئازادو قەڵەمی بوێر و ھەقبێژی دەترسێت ، ترس پاڵنەری ھەڵسوكەوتەكانی پارتییە ، پارتی دوژمنی ھەرەسەرەكی مرۆڤی بەئاگاو كۆمەڵگای زیندووە حیزبێكی سەركوتكەرو چەپێنەری ئازادییە" .

لە کۆتایی نوسینەکەیدا مەنمی ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو جۆرە کارانە نایانترسێنێت و ورە و ئیرادەی ناڕوخێت و چونکە بونەوەری بێ ئیرادە نین و بە ئاشکرا دەنووسن و بەردەوامیش دەبن لە خزمەتکردنی نەتەوە و نیشتیمان.



ڕیکلام