54 مین ساڵیادى لەدایکبوونى نووسەرى دیاری کورد (بەختیار عەلی)

  2020-08-09  | 
بەختیار عەلی
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەختیار عەلی یەکێک لە کاریگەرترین نوسەرانى کوردە کە لە پاش ڕاپەڕین زۆرترین خوێنەرى هەبووە، هاوکات نوسینەکانیشى زۆرترین ڕووناکى و قسە و باسیان بەدواى خۆیاندا هێناوە، ئەو هەر لە یەکەمین ڕۆمانییەوە بە ناوى (مەرگى تاقانەى دووەم) دەبێتە مایەى سەرنجى نوسەرانى گرنگى قۆناغەکەى لەوانە (شێرزاد حەسەن، شێرکۆ بێکەس، ئازاد عەبدولواحید...)

جگە لە ڕۆمان لە بوارى فیکریشدا خاوەنى چەندین کتێبە و سەرەتاکانى ئەم بوارەشى لە ڕێگاى گۆڤارى (ڕەهەند)ەوە خستۆتەڕوو، کە گۆڤارێکى فیکریی بووە و لەگەڵ چەند هاوڕێەکیدا دەریانکردووە لەوانە(مەریوان وریا قانع، ئاراس فەتاح...) دواتریش هەریەک لەم نووسەرانە بە گروپی ڕەهەندییەکان ناویان دەرکردووە و هەریەکێکیان ڕووبەرى خۆیان لە پانتایی ڕۆشنبیریی کوردیدا هەیە .


(بەختیار عەلی) وەک شاعیریش بە دیوانە شیعری (گوناه و کەرنەڤاڵ) دەستى پێکردووە و دوایین دیوانە شیعری چاپکراوى بە ناوى (شەوێک ئاسمان پڕ بوو لە ئەستێرەى شێت)بڵاوکردۆتەوە و لە ماوەى ڕابردووشدا کتێبێکى تیۆری بە ناوى (دوا خەندەى دیکتاتۆر) چاپ کردووە.

ئەم نوسەرە لە ساڵى 1966 لە گەڕەکى ئیبراهیم پاشاى شارى سلێمانى لە دایکبووە، خاوەنى چەندین کتێبە لە بوارەکانى فیکر و ئەدەب، لە ئێستادا لە وڵاتى ئەڵمانیا نیشتەجێیە و نووسینەکانى بۆ چەند زمانێکى جیهانى وەرگێڕداون و یەکێکە لەو نووسەرە کوردانەى چاوەڕوانى ئەوەى لێدەکرێت بەرهەمەکانى زیاتر و زیاتر بە جیهاندا بڵاوببنەوە.



ڕیکلام