پارەى گەنمى ئەمساڵى جوتیارانى هەرێم بەم نزیکانە دابەشدەکرێت

  2020-08-09  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم رایگەیاند، بەشى یەکەمى پارەى ئەمساڵى جوتیارانى هەرێم گەیشتووە و بەمزوانە دەست بەدابەشکردنى دەکرێت.

نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم بە (تۆڕى هەواڵى ژیان)ى راگەیاند،حكومەتی عێراق بەشى یەکەمى  پارەی گەنمی ئەمساڵی جوتیارانی ناردووە، بەمزوانە دەست بە دابەشکردنى دەکەن.

وتیشى، بڕى پارەکە بۆ سەرجەم پارێزگاکانى هەرێم هەشت ملیار دینارە، لە کۆى ئەو پارەیەش دوو ملیار دینارى بۆ پارێزگاى هەولێر، سێ ملیاردینار بۆ دهۆک و سێ ملیار دینارى دیکەش بۆ پارێزگاى سلێمانی دیاریکراوە.

ئاماژەى بەوەشکرد، ئەو پارەیەى گەیشتووە تەنها بەشى یەکەمە و بڕەکەى کەمە، بەڵام  ئەوە وەک سەرەتایەکە بۆ ئەوەى لە ئایندەیەکى نزیکدا پشکى دووەمى شایستە داراییەکانى جوتیاران بۆ ئەمساڵ بنێردرێت، پارەکەش بۆ ئەو جوتیارانەیە کە گەنمەکانیان ڕادەستى سایلۆکانى هەرێم کردووە بۆ ساڵى 2020.

لەبارەى شایستە داراییەکانى ساڵانى رابردوو کە تائێستا لە لایەن حکومەتى عێراقەوە نەنێردراوە، روونیکردەوە، هەرچەندە چەندین جار بەڵینى خەرجکردنى دراوە، بەڵام هیچ وادەیەک بۆ ناردنى دیارى نییە، ئەو پرسە دەبێت سەرۆک وەزیرانى عێراق رەزامەندى لەسەر بدات، ئەگەرنا جوتیاران پارەکەیان هەیە و ئەو پشکەى بۆیان دیاریکراوە کاتى خۆى بۆیان تەرخانکرا، ئەو گەنمەش کە پارەکەى نەدراوە بەشى سێ لەسەر چوارى پارەکەى بۆ جوتیارانى نەجەف و بەسرە و بەغدا خەرجکراوە.

جەختیکردەوە، شایستەداراییەکانى جوتیارانى ساڵانى رابردوو عێراق خۆى بۆ ئەو پارێزگایانەى دیکە بەکارى هێناوە، دواتریش بەهۆى هاتنە ئاراى بابەتێکى سیاسى وەک تۆڵەسەندنەوەیەک لە دانیشتوانى هەرێم وایکرد پارەکە بە جوتیارانى هەرێم نەدەن، ئەگەرنا خۆى لە بنەڕەتدا پارەکە لە وەزارەتى دارایى عێراق بۆ جوتیارانى هەرێم دابینکراوە و خەرجکراوە، کە کۆى گشتیەکەى 557 ملیاردینارە.
داڕشتنەوە: شادان حەسەن


ڕیکلام