سلێمانى.. دوو بەڕێوەبەر بە شەش ساڵ زیندانى سزادران

  2020-08-09  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەڕێوەبەری پێشووی بەڕێوەبەرایەتیی جێبەجێکردنی سلێمانی و بەڕیوەبەرى ژمێریارى ئەو فەرمانگەیە، بە تۆمەتی دیارنەمانی سێ ملیار دینار بە شەش ساڵ زیندانى سزادران، بەڵام تائێستا تۆمەتەکەیان بەسەردا ساغ نەبووەتەوە.

سەرچاوەیەک لە دادگاى سلێمانى  بە (تۆڕى هەواڵى ژیان)ى راگەیاند، ئەو مادەى پێى سزدراون پێى دەوترێت مادەى بردنى ماڵى دەوڵەت، کە ساغ بێتەوە بەسەر کەسێک یان چەند کەسێکى دیاریکراو، بەڵام  بەڕێوەبەرى گشتى جێبەجێکردنى سلێمانى تەنها لەبەر ئەوە خراوەتە کەیسەکەوە کە بەڕیوەبەر بووە، ئەگەرنا نە پارەى بردووە و نەپارەى لایە و نە هیچ شتێکیشى لەسەر ساغ بووەتەوە و تەنها ئەو کەسانە کراونەتە قوربانى کەیسەکە.

وتیشى، نزیکەى دوو ملیار دینار کە هاتووەتە بەڕێوەبەرایەتیی جێبەجێکردن دیارنەماوە و کەس نازانێت چى بەسەرهاتوە و لەلایەن کێ براوە، چاوەڕواندەکرێت سزاکە هەڵوەشێتەوە، چونکە هیچ بەڵگەیەک بەسەریاندا ساغ نەبووەتەوە، ماوەى مانگێکیان لەبەردەستە بۆ ئەوەى بڕیارەکە هەڵوەشێننەوە.

لاى خۆشیەوە  سامان حەمە ئەحمەد پارێزەر بە (تۆڕى هەواڵى ژیان)، ئەو بڕى سێ ملیار دینارەى لە بەڕێوەبەرایەتیی جێبەجێکردنی سلێمانی دیارنەماوە، لە سەرەتادا دادگا بە کەیسێکى گەندەڵى تەعەمولى لەگەڵدا کرد، بەڕێوەبەرى گشتى جێبەجێکردنى سلێمانى هەواڵدەربوو لە کەیسەکەدا، ئەو کەیسەکەى خستووەتە بەردەم دادگاى لێکۆڵینەوە و بەڵگەکانیشى پێشکەشکردووە، کە بڕە پارەیەک دیارنەماوە.

وتیشى، دواتر دادوەر سیفەتى بەڕێوەبەرى گشتى جێبەجێکردنى ئەوکاتەى سلێمانى لە هەواڵدەرەوە گۆڕى بۆ تۆمەتبار، لەگەڵ ئەویشدا ژمارەیەک  کارمەندى دیکەى فەرمانگەکە دەستبەسەرکراون،  ئەو کەیسەش  لە مانگى کانوونى دووەمى ساڵى 2018 وە بەردەوامە و زۆربەى تاوانبار لەوکاتەوە گیراون ئەمڕۆ چارەنوسیان یەکلاکرایەوە.

ئاماژەى بەوەشکرد، دواى ئەوەى ئەمڕۆ بەڕێوەبەرى گشتى و بەڕێوەبەرى ژمێریارى پێشووى بەڕێوەبەرایەتیی جێبەجێکردنی سلێمانی بە سزاى شەش ساڵ زیندانى سزادران و چوار کارمەندەکەى دیکەش ئازادکران، بەڵام کەیسەکە کۆتایى پێنایەت و بەردەوام دەبێت، ئەو بڕیارەى سەرۆکایەتى دادگاى تاوانەکانى سلێمانى قابیلى تێهەڵچونەوەی هەیە، دەتوانرێت تانەى لێبدرێت و هەڵبوەشێندرێتەوە، لەبەر ئەوە ناتواندرێت بوترێت ئەوانەى سزادراون تۆمەتبارن یان بێتاوانن.

ئەو پارێزەرە جەختیکردەوە، ئەوەندەى ئاگادارە هیچ بەڵگەیەک نەخراوەتەڕوو سەبارەت بەو تۆمەتبارانە کە سزادراون، یان ماڵێکى دزراویان لابووبێت بەسەریاندا ساغ بووبێتەوە.
داڕشتنەوە: شادان حەسەن



ڕیکلام