دوا زانیاری لەبارەی رێككەوتنی هەرێم و بەغداد لە بارەی موچە ئاشكرا دەكرێت

  2020-08-09  | 
 سۆران عەبدولکەریم
هەرێم و بەغدا لە رێككەوتنی كۆتایی نزیكبوونەتەوە و پەرلەمانتارێكیش ئاشكرای دەكات هەرێم نیوەی داهاتی دەروازە سنوریەكان و 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەست دەكات و لە ئێٍستاشدا حكومەتی عێراقی وردبینی لە بایۆمەتری موچەخۆران دەكات.

جەمال شكور، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی راگەیاند: تا ئێستا لە نێوان هەرێم و بەغدا زنجیرەیەك كۆبوونەوە ئەنجامدراوە، پێشكەوتنی باش هاتووەتە ئاراوە و لە دواین گفتوگۆدا لە بارەی خاڵە سنوریەكانەوە بە شێوەیەك رێككەوتن كراوە كە نیوەی داهاتەكەی بدرێتەوە بە حكومەتی عێراقی  و حكومەتی هەرێم 250 هەزار بەرمیل رادەستی بەغدا دەكات، لەبەرامبەردا 300 ملیار دینار رادەستی هەرێم دەكرێت بەڵام رێككەوتنی كۆتایی نەكراوە لەم بارەیەوە. 

ئەو ئاشكرایكرد لەم هەفتەیەدا وەفدی هەرێم دەگەڕێتەوە بەغدا و ئەگەری زۆر هەیە رێككەوتنی كۆتایی بكرێت، پێشیوایە دەبوو حكومەتی هەرێم حساباتی خۆی بكات و ئەوەش دیاری بكات كە چەندی پێویستە لە حكومەتی عێراقەوە پێ بگات بۆ ئەوەی رێككەوتنێكی فراوان ئەنجام بدات.

جەمال شكور ئاشكرایدەكات: حكومەتی هەرێم لە بەرژەوەندیدایە لەگەڵ عێراق لەبارەی خاڵە سنوریەكان رێكبكەوێت لەبەر ئەوەی عێراق بەدیلی هەیە بۆ كردنەوەی دەروازەی دیكە بۆیە دەبێت كاری دەروازە سنوریەكان رێكبخەنەوە و ئەو زیانە لە دەروازە سنوریەكان نەكات. 

ئەوەشی ئاشكراكرد، پڕۆسەی بایۆمەتری فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێم رادەستی حكومەتی عێراقی كراوە و لە ئێستادا وردبینی تیادا دەكرێت و بە شێویەكی گرنگ مامەڵەی لەگەڵدا كراوە. 


ڕیکلام