زانایان هۆشداری دەدەن لە سەرهەڵدانی ڤایرۆسێکی نوێ

  2020-08-09  | 
لەو شەمشەمەکوێرانەدا هەیە کە نیشانەیەک بەسەری لوتیانەوەیە و لەسەر ناڵی ئەسپ دەچێت
 تۆڕی هەواڵی ژیان
زانایان هۆشداریاندا لەسەرهەڵدانی ڤایرۆسێکی نوێ، کە ڕەنگە مایە هەرەشە بێت بۆسەر مرۆڤایەتی، و بڵاوبوونەوەشی تەنها کاتە و سەرچاوەکەشی لە شەمشەمە کوێرەوەیە.

ماڵپەڕی میدکاڵ ئێسکپرێس بڵاویکردەوە، زاناکان گەیشتوونەتە ئەو دەرئەنجامە، دوای ئەوەی ساغیانکردووەتەوە کە خێزانی ڤایرۆسەکان دەچنەوە سەر پێشینەکانیان، ئەویش کاتێک پێکهاتەی بۆهێڵەکانیان بەروارد دەکرێت، لەگەڵ ئەو ڤایرۆسانەی کە لە لاشەی مرۆڤ و ئاژەڵدا بوونیان هەیە.

زانایانی زانکۆی پەنسلڤانیا بە هاوکاریی زانایانی دیکەی چین و ئەوروپا، بۆیان دەرکەوتووە، ئەو خێزانە ڤایرۆسییە سەرباری توانا گەورەکانی بۆ خۆگۆڕین و خۆگونجاندن، بەڵام بەدرێژایی ساڵ پارێزگاری کردووە لە سێ ناوچەی بۆهێڵەکانی لەناو پێکهاتەکەیدا.

لەڕێگەی بەکارهێنانی کۆمەڵێک تەکنیکی تایبەت بەسەرژمێرییەوە، زاناکان ئەو شوێنەی بۆهێڵەکانی ڤایرۆسێکی نوێی دیکەیان دیاریکردووە، کە هاوشێوەی ڤایرۆسی کۆڤید-١٩ و سەرچاوەکەی شەمشەمەکوێرەیە، کە لەناوچەکانی یۆنان و باشوری چین دەژین، بەوەش جیادەکرێنەوە کە نیشانەیەک بەسەری لوتییەوەیەتی لە ناڵی ئەسپ دەچێت.

بەگوێرەی گۆڤاری  (Nature Microbiology ) وەرزی، ئەو دوو ڤایرۆسە لەساڵی ١٩٦٠ لە یەک خێزان جیابوونەتەوە، کە چاوەڕوانیش دەکرێنت نەوەی دیکەیان هەبێت و تا ئێستا ئاشکرا نەکراون و توانای ئەوەشیان هەبێت تووشی مرۆڤ ببن.

زاناکان دەڵێن ڤایرۆسە نوێیەکە لەئێستادا تووشی مرۆڤ نابێت، ، بەڵام گۆڕانی بۆ پەتایەکی دیکە تەنها کاتی ماوە.

ئەو توێژینەوەیە هاوکار دەبێت بۆ ئەو هەوڵانەی کە دەدرێت بۆ شوێنکەوتنی سەرەتا و بنەڕەتی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، کە دەکرێت لەڕێگەیەوە بتوانرێت خۆپارێزی بکرێت لە پەتایەکی نوێ.

زاناکان لەوبڕوایەدان، ئەو ڤایرۆسەی بووەتە هۆی بڵاوکردنەوەی پەتای کۆرۆنا- کۆڤید -١٩، لە بازاڕێکی ئاژەڵ و باڵەندەی شاری وهانی چیینەوە، لە شەمشەمەکوێرەوە گوێزراوەتەوە بۆ مرۆڤ.

لەوەتەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە لەوڵاتی چینەوە سەریهەڵداوە، تا ئێستا  نزیکەی ٧٣٠ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.

بەشێوەیەکی فەرمی تا ئێستا لە ١٩٦ وڵات، نزیکەی ٢٠ ملیۆن کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون، لەو ژمارەیەش زیاتر لە ١١ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار کەسیش چاکبوونەتەوە.



ڕیکلام