تەندروستی هەولێر: ئەو پارەیەی لە نەخۆشخانەی رزگاری دابەشكراوە لەخێرخوازێكەوە بووە

  2020-08-10  | 
دۆسیە:  هەولێر
 تۆڕی هەواڵی ژیان
تەندروستی هەولێر رەتیدەكاتەوە سەرۆكی حكومەت هاوكاری و پاداشتی دابێتە كارمەندانی نەخۆشخانەی رزگاری و دەڵێت ئەو پارەیە خێرخوازێك دابەشی كردووە و ئەو كەسانەی لەو كاتەدا لە دەوام بوون پارەكەیان وەرگرتووە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر لەبارەی ئەو پارەیەی لە نەخۆشخانەی رزگاری دابەشكراوە روونكردنەوەیەك بڵاو دەكاتەوە و دەڵێت ئەو پارەیە لە سەرۆكی حكومەتەوە نەنێردراوە. 

تەندروستی هەولێر ئەوەشی راگەیاندووە "خێرخوازێك بڕێك هاوكاری ماددی بە سەر كارمەندانی نەخۆشخانەی ڕزگاری شاری هەولێر دابەشكردووە و دواتر لە هەندێك سایت وا بڵاوكراوەتەوە كە گوایا لە لایەن سەرۆكی حكومەتەوە نێردراوە". 

تەندروستی هەولێر ئەوەشی راگەیاندووە "لە ڕاستیدا ئەم هاوكارییە هیچ پەیوەندییەكی بە سەرۆكی حكومەتەوە نییە و هەر ئەوكاتە هاوكارییەكە لەلایەن ئەو خێرخوازەوە ڕاستەوخۆ بەسەر ئەو كەسانە دابەشكراوە كە لە نەخۆشخانە لە دەوامدا بوون" .

ئەوەش دوای ئەوەهات كە بەیانی ئەمڕۆ دوای سەردانی لوقمان وەردی و شایان عەسكەری بۆ نەخۆشخانەی رزگاری رایانگەیاند "دوای ئەوەی داواو داخوازی كارمەندەكان بووین چوین لەگەڵ بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی رزگاری كۆبوونەتەوە و ئەویش دانی پێدانا كە تەنها 100 كارمەند هاوكاری كراون، لە كاتێكدا ئەو كارمەند و پزیشكانەش لەناو كاردان ئێمە لە لیژنەی تەندروستی پێمانوایە ئەم جیاكاریە شایەنی قبوڵكردن نیە ".