عێراق و سعودیە کار لەسەر هەڵوەشاندنەوەی باجی ڤیزا دەکەن

  2020-08-10  | 
لەچەند ساڵی ڕابردوودا پەیوەندییەکانی سعودیە و عێراق بە چەند وێستگەیەکی جیاوازدا تیپەڕیووە
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
باڵیۆزی عێراق لەسعودیە ئاشکرایکرد، گفتوگۆی هاوبەشی عێراق و سعودیە لەئارادایە سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی ڤیزا بۆ هەندێک لەو کەسانەی لە هەردوولاوە سەردانی وڵاتی یەکتر دەکەن.

قەحتان جەنابی باڵیۆزی عێراق لەڕیاز ڕایگەیاند، لێپرسراوانی عێراق و سعودیە لەگفتوگۆدا بۆ هەڵوەشاندنەوەی وەرگرتنی ڤیزا بۆ ئەو کەسانەی خاوەنی پاسپۆرتی دیپلۆماسین و لابردنی باجی وەرگرتنی ڤیزا بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە خاوەنی پاسپۆرتی ئاسایین، بە مەبەستی کارئاسانی بۆ هاتوچۆی هاوڵاتیانی نێوان هەردوو وڵات.

ئاماژەی بەوەشکردووە، کردنەوەی دەروازەی سنوری عەرعەری سنوری نێوان هەردوو وڵات، دەبێتە هەنگاوێکی گرنگ بۆ دۆخی ئابوری شاری عەرعەر و شارەکانی دیکەی دەوروبەری و پارێزگای ئەنبار لە عێراق.

جەختیشیکردەوە، لەئێستادا هەردوولا سەرقاڵی تەواوکردنی هەندێک لە پێداویستییە لۆجستیی و هونەرییەکانن و چاوەرواندەکرێت بەم نزیکانە دەروازەکە بکرێتەوە.

سەبارەت بەسەردانە چاوەڕوانکراوەکەی مستەفا کازمی بۆ سعودیە، قەحتانی ڕایگەیاند، سەردانەکە لەم نزیکانەدا ئەنجام دەدرێت و دەبێتە سەرەتایەکی بەهێز دەبێت بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات، دوای ئەوەی سەردانەکە بەهۆی نەخۆشکەوتنی شا سەلمان عەبدولعەزیز دواخرا.

جەختیشکردەوە هاوکاریی و هەماهەنگییەکی بەهێزهەیە لەنێوان دەزگا ئەمنییەکانی عێراق و هاوکات سعودییەکانیدا، بەمەبەست ی ڕێگریکردن لەدزەکردنی سنور و چالاکی گروپە تاوانکاری و تیرۆریستییەکان، ئەوەش بووەتە مایەی بەرقەرارکردنێکی باشی ئەمنی لەنێوان سنوری هەردوو وڵاتدا.

بەر لە سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ تاران، کە لە مانگی ڕابردوودا ئەنجامیدا، بڕیار بوو سەردانی ڕیازی پایتەختی سعودیە بکات، بەڵام بەهۆی نەخۆشکەوتنی پادشای ئەو وڵاتەوە سەردانەکە بۆ کاتێکی دیکە دواخرا.

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا پەیوەندییەکانی سعودیە و عێراق بە چەند قۆناغێکی ئاڵۆزدا تێپەڕبووە، لەسەردەمی کابینەکەی حەیدەر عەبادی سعودیە باڵیۆوی خۆی لە بەغدا کشاندەوە.