مەخمور چۆن ئازادکرد و کێ یەکەم جار داعشی تێکشکاند؟

  2020-08-11  | 
قەزای مەخمور
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئێوارەی 7ی ئابی 2014 داعش بە چەند چەکدارێکەوە قەزای مەخمووری کۆنترۆڵکرد و گەیشتە توخوبەکانى هەولێر، مەترسییەکانی داعش بۆ سەر پایتەختى هەرێمى کوردستان هەمووانی سەرقاڵ کرد بوو.

لەو کاتەدا مەسعود بارزانی کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو، لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە هەوڵەکانی خستەگەر بۆ دورخستنەوەی ئەو مەترسییە لەسەر هەولێر، بەتایبەت دوای پاشەکشەکردنی پێشمەرگە لە بەشێک لە بەرەکانی شەڕی دژ بە داعش و ترسی ئەوەی هەبوو هەولێر بکەوێتە دەست داعش.


لەو کاتەی داعش لە هەولێر نزیکبووەوە، دۆخێکى ئاڵۆز و پڕ لە ترس دروست بوو، بەشێک لە هاوڵاتیان شارەکەیان جێدەهێشت و بەشێک لە بەرپرسانی باڵای پارتیش هەر ئەو شەوە لە هەوڵی ئەوەدا بوون بلیتی فڕۆکە بۆ خۆیان و ماڵ و منداڵیان دەستبخەن.

مەسعود بارزانی پەناى بۆ یەکێتى هێنا و لە کۆبوونەوەی لەگەڵ مەکتەبی سیاسی و فەرماندەی هێزەکانی دژە تیرۆری یەکێتی داوای لێکردن هەولێر بپارێزن و بەشداری کۆنترۆڵکردنەوەی مەخموور بکەن.

داعش سێ رۆژ بوو قەزای مەخمووری کۆنترۆڵکردبوو، ڕۆژى 10ى ئابى 2014 بە بەشداری هێزەکانی دژە تیرۆری یەکێتى هێرش بۆ سەر مەخموور دەستیپێکرد.

هێزەکەی دژە تیرۆر  لەچەند قۆڵێكەوە بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆى لاهور شێخ جەنگی بەهاوكاری شەڕڤانان و هاوپەیمانان، هێرشیان كردە سەر مەخموور، توانرا لەماوەیەكی كەمدا و بەزیانێكی گیانی كەم مەخموور کۆنترۆڵبکەنەوە.

هێزەکانی دژە تیرۆر توانیان یەکەم شوێنی ستراتیجی داعش کۆنترۆڵبکەن  کە سایلۆی مەخموور و دوای کۆنترۆڵکردنی سایلۆکە داعش توانای بەرگری نەما، کە لەرێگەی ژمارەیەک قەناس بە دەستەوە لە سەر سایکۆکە بەرگرییان دەکرد.


لەبارەی بەهاناوە چوونی هەولێر لەلایەن هێزێكی دژە تیرۆرەوە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەوتارێكیدا لە رۆژی 31-7-2016 لە مەراسیمی هێزەكانی دژە تیرۆردا وتی: لەگەڵ نزیكبوونەوەی ‌مەترسی‌، خێرا چوون بەهانای ‌هەولێری ‌پایتەختەوەو. خوێنی شەهیدەكانتان شایەتی ئەم راستیە دەدەن، هێشتا خوێنی سورو ئاڵی شەهید تەها بەسەر گردو تەپۆڵكەكانی مەخمووردا وشك نەبووەتەوە.


هەر لەو سەربەندەدا بەهۆی ئەوەی
  هەموو هێڵەکانی بەرگریی لە دەوربەری مەخموور چۆڵکرابوون و مەترسی لەسەر هەولێر هەبوو، مەسعود بارزانى لە شەوی 7ی ئاب هەوڵیدا پەیوەندی بە بەرپرسانی ئەمریكا بكات.

هەمان رۆژ لەسەر داوای بارزانی هۆشیار زێباری پەیوەندی بە جۆن كیری، وەزیری دەرەوەی ئەو کاتەی ئەمریكا کرد، بۆئەوەی ئەمریكا هەولێر لەو هەڕەشانەی بپارێزێت، ئەگەر بە لێدوانێكی رۆژنامەوانیش بێت.

 دوای ئەو پەیوندییە ئیدارەی ئۆباماو ئەمریكا لە رێگای لێدوانی رۆژنامەوانی رایانگەیاند" هەولێر دەپارێزن و ناهێلن بكەوێتە دەست داعش".

لە 9ی ئاب ئەمریكا لە رێگای ئاسمانەوە بۆردومانی چەكدارانی داعشی كرد،  لە یەکەم بۆردوماندا ئەو دوو تۆپهاوێژەیان تێکشکاند کە داعش بەرامبەر هەولێر داینابوون.

هەروەها بەرپرسانى پارتى چەند جارێک ئاماژەیان بەوەکردووە، بەر لەوەی ئەمریكا ببێتە سەرهێڵ، بە 48 كاتژمێر پێشووتر هێزێكی ئێرانی بە سەرۆكایەتی قاسم سولەیمانی گەیشتبوونە نزیك مەخموور و میحوەری خازر، چوونی ئەو هێزەش لەسەر داوای بارزانی بوو، جگەلەوەش هەر ئەوكات نازم دەباغ، نوێنەری حكومەت لە تاران پەیوەندی بە بەرپرسانی باڵای ئەمنی ئێران كردبوو.