سامان بەرزنجی: هەوڵدەدەین نرخی چارەسەری تووشبووانی کۆرۆنا کەمتر بکرێتەوە

  2020-08-11  | 
هەولێر
سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی هەرێم و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەر و نوێنەری نەخۆشخانە ئەهلییەکان
فۆتۆ: ئەیوب ساڵح
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزیری تەندروستی هەرێم رایگەیاند، هەوڵدەدەن نرخی چارەسەری تووشبووانی کۆرۆنا لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان کەمتر بکرێتەوە.

سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، نیوەی ئەو نرخەی  کە لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان بۆ چارەسەرکردنی تووشبووانی کۆرۆنا دیاریکرابوو کەمکرایەوە و هەوڵدەدەین کەمتریشی بکەینەوە بەشێوەیەک کە هەموو نەخۆشخانەکان بیر لە بەرژەوەندیی نەخۆش بکەنەوە لەم قۆناخەدا، نەک قازانجی خۆیان.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەرچەندە لە ماوەی رابردوودا بەهاوکاری خێرخوازان چەندین سەنتەری چارەسەرکردنی نەخۆشیە گوزراوەکان کرایەوە و ئەوەش هاوکاری حکومەت بوو لە پێشکەشکردنی چاودێری و چارەسەر بە توشبوانی کۆرۆنا، بەڵام بەرزبونەوەی زیاتری ژمارەکان وایکردووە، وەزارەت داوا لە کەرتی تایبەت بکات هاوکار و هەماهەنگ بن لە پاراستنی گیانی تووشبووانی کۆرۆنا، بۆیە لە ماوەی رابردوودا نرخەکانی تایبەت بە چارەسەری توشبوانی کۆرۆنا لە نەخۆشخانە تایبەتییەکان بڵاوکرایەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، تائێستا لە کوردستان زیاتر لە 18 هەزار کەس تووشی کۆرۆنا بون و لەو ژمارەیەش 10 هەزار کەسیان چاکبوونەتەوە و 670 کەسیش گیانیان لەدەستداوە، لە ئێستاشدا حەوت هەزار تووشبووی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکاندا چارەسەریان بۆ دەکرێت.

وەزیری تەندروستی هەرێم راشیگەیاند، بۆ رێگرتن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، حکومەتی هەرێم هەموو هەوڵێکی خستوەتەگەڕ، بەڵام بۆ ئەو مەبەستەش پێویستی بە هاوکاری هاوڵاتیان هەیە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆبونەوەی ئەمڕۆیاندا لەگەڵ بەڕێوەبەر و نوێنەری نەخۆشخانە تایبەتییەکان بڕیاریانداوە، هەر تووشبویەکی کۆرۆنا ئەگەر پێویستی بە چاودێری چڕ هەبێت و لە نەخۆشخانە حکومییەکان رەوانەی نەخۆشخانە تایبەتییەکان بکرێت، تا ئاستی بێبەرامبەر چارەسەری بۆ بکرێت.



ڕیکلام