بەهۆی تۆپبارانی تورکیا ئاگر لە سنوری برادۆست کەوتەوە

  2020-08-11  | 
دهۆک
بەهۆی تۆپبارانی تورکیا ئاگر لە سنوری برادۆست کەوتەوە
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەهۆی تۆپبارانی سوپای تورکیا ئاگر لە چەند ناوچەیەکی سنوری برادۆست کەوتەوە و تاوەکو ئێستاش ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ نەکراوە.

پەیامنێری تۆڕی هەواڵی ژیان رایگەیاند، چەند خولەکێک پێش ئێستا، سوپای تورکیا، گوندی گۆڕتارینی لە  سنوری برادۆست تۆپباران کردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئەنجامی ئەو تۆپبارانە، پوش و پاوانی هاوڵاتیانی گوندەکە ئاگریگرتووە و زیانی ماددی زۆر بەر دانیشتووانی ئەو گوندە کەوتووە.

ئەوەشی خستەڕوو، ئاگرەکە لە کۆنتڕۆڵ دەرچووە و هاوڵاتیان خۆیان هەوڵدەدەن ئاگرەکە بکوژێننەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن.

پەیامنێری تۆڕی هەواڵی ژیان رایگەیاند، بە وتەی دانیشتووانی گوندی گۆڕتارین لە سنوری برادۆست، تورکیا تەقەی هەڕەمەکی لە گوندەکەیان دەکات.

ئەوەش لەکاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ چەند فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەکانی سوپای تورکیا هێرشیانکردە سەر گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و شاندێکی هێزی پاسەوانی سنوریی عێراق لە ناوچەی بێرمێ دینداران لە سنوری برادۆست و لە ئەنجامی هێرشەکەش، دوو ئەفسەری پلەباڵا و پاسەوانێک لە سوپای عێراق و فەرماندەیەک و دوو گەریلای پەکەکەش، شەهیدبوون و ژمارەیەکی دیکەش لەهەر دوولا برینداربوون.



ڕیکلام