ڕێبەرێک بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت کار نواندن بکەن

  2020-08-12  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ستانسلاڤسکی یەکێک لە گەورەترین دەرهێنەرانی ڕووسیا کە لە کۆتایی سەدەی نۆزدە هاتە ناو بازنەی شانۆ و ئەمرۆ لە پلەی یەکەم وەک تەواوکەری ڕەوشەکانی نواندن دەناسرێت، بەڵام گرینگترین کاری ئەو تیشکێک بوو کە بە سیستەمی خۆی سەبارەت بە تەکنیکی نواندن لەسەر بنەمای مەشقێکی پلان بۆ دانراوی شانۆیی بڵاوکردەوە، ستانیسلافسکی دامەزرێنەری (شانۆی هونەری مۆسکۆ) بوو، لە یەکەمین نمایشی داهێنەرانەی کە لە بەرهەمەکانی (ئانتوان چيخۆف) تواناکانی خۆی لە بواری نواندن و دەرهێناندا نیشاندا و بە دڵنیايیەوە دەتوانین بڵێن کە ستانیسلافسکی به گەورەترین دەرهێنەری ڕیالیزمی سەدەی 19و 20 هەژماردەکرێت، کە تاکو ئێستاش کەریگەری هەیە.

ستانیسلافسکی لە دوای تەمەنێک فێربوون و چالاکییەکی زۆری شانۆیی گەیشت بە ئەنجامێکی گشتی واتە "چوونی ئەکتەر بۆ ناو رۆڵ " و دواتر تيۆری و سیستەمی خۆی لەسەر هەمان بابەت دامەزراند.

 ستانیسلاڤسکی دەیویست لە ڕێگای شانۆوه ڕووناکیيەک بە ژیانی تاریکی هەژار ببەخشێت و لە نێوان ئەو تاریکیيەدا کە ئەوانی تیدا نوقم ببوو، چەند ساتێک خۆشی و بەختەوەری بەدیبهێنێت، بە وردبوونەوەی لە وەی کە لە کاتی ئەودا بەس شێوازی باو و لە پێش دابینکراوی دەربڕینی و جەستەی ئەکتەر ڕەواجی هەبوو، ستانیسلافسکی سەرکەوتنی لە بەدواداچوونی ئەو ئیمکانات و رێگایانەدا بەدەست هێنا کە بتوانێت هونەر بە شێوەیەکی بەرفراوانتر لە ژیان نزیک کاتەوە و دەرکەوتن و هێنانەپێش چاوێکی زۆرتری شانۆیی بە خوَیەوە ببینێت.

ستانیسلافسکی وێڕای دژایەتی کردنی ڕەوتی نادروستی شانۆیی و ترس لە سادەیی سرووشتی دەیویست کە مرۆڤی زیندوو لەسەر شانۆ پیشان بدات و ئەزموونی باشترین ماموستایانی ڕووسیا و جیهانی پێکەوە گشتاند و فێرکردنێکی دامەزراند کە بتوانێت بە گەشەی ڕاستەقینەی هونەری شانویی سوود بگەێنێت، هەروەها بە ئافڕاندنی سیستەمێک کە لەیەککەرەوەی یاسای کار و هونەری نواندن و دەرهێنانە ، دەیویست پێویستی تێگەیشتنی هونەر و زاڵبوون بەسەر هونەر فێری ئەکتەر بکات.

( بێرتۆلێت برێخت ) تيوریسینی شانۆ لەسەر ستانیسلاڤسکی دەنووسێت :" لە سیستەمی نواندنی ئەودا، ئەکتەر دەچێتە ناو ڕۆڵەکەی و تەواوی ڕەفتارەکانی کارەکتەر دەپۆشێت بە شێوەیەکی ڕیالیستی".

بەم جۆرە ستانیسلاڤسکی بە گشتی هەوڵ دەدات کە ئەکتەر لەگەڵ ڕۆڵەکەی پەیوەندیەکی لۆژیکی و بە واتایەکی دیکە دیالکتیکی دروست بکات ، ئەکتەرەکان بە ئەزمونێکی نوێ هان بدات و توانی بەم سیستەمە گۆڕانکاریەکی مەزن لە پێشکەوتنی جیهانی شانۆدا بخولقێنێت.

سیستەمی ستانسلافسکی خاوەن یاسایەکی تایبەتی خۆیەتی و وەها پتەو و کاریگەر بووە کە بە درێژایی میژووی دوای خۆی لە ولاتانی جۆراوجۆر توشی گۆڕانکاری بووە و وەک دوایین گۆڕانکاری دەتوانین ئاماژە بە سیستەمی ( میتۆد ئەکتینگ)ی لی ستراسبێرگ لە ئەمریکا بدەین، کە بە بێ هیچ گومانێک و بە پێی وتەی ئاشكرای شێوەی میتۆد ئەکتینك ، لە ژێر کاریگەری ڕاستەخۆی سیستەمی ستانسلافسکیدا بووه.

شێوەی نواندنی میتۆد ئەکتینك کە لە ئیستادا به یەکێک لە باشترین شێوازەکانی نواندنی سینەمایی هەژمار دەکرێت، جۆرێک ڕیبازی نواندنە کە لە وێدا هونەرمەند خۆی لە جێگای کاراکتەری چیرۆک دادەنێت و ماوەیەک لەگەڵیدا دەژی. واتە لەسەر بنەمای ڕۆچوونی ئەکتەر بۆ ناو قووڵایی ڕۆڵ و  هەروەها دەرکەوتنی کاردانەوەی هەستی بە شێوەی کاردانەوەی دەرەکی و زاهێریە.

بە شێوەیەک کە ئەکتەر لە کاتی جێبەجێکردنی رۆڵ دەڵێی ژیانی ڕاستەقینە دەگێڕێتەوە . بە واتایەکی سادەتر بابەت هەمان ((ئەگەر))ی سیحراویە کە ستانسلافسکی هینایە بەر باس. ئەوەی کە ئەکتەر لە ڕووبەڕووبونەوەی هەر کێشەوبەرە و کارێکی کاراکتەری سیناریۆ یان دەقی شانۆیی دەبێت لە خۆی بپرسێت کە ئەگەر من لە باتی ئەو کەسایەتیە بومایە چ کاردانەوەیەکم لە خۆمدا نیشان دەدا. ئەم ڕەوشە لەسەر بنەمای بیرۆکەکانی ستانسلافسکی دانرا و دواتر بە دامەزراندنی ڕێکخراوی (ستۆدیوى ئەكتەر) لەلایەن کەسانێکی دیکەوە درێژەی پێدرا.

سیستەمی نمایشیی ستانسلافسکی لە ساڵەکانی 1940 لە سینەماکانی هۆلیوود لە لایەن ( ئێلیا کازان) بە هەمان ناوەوە  دامەزرێنرا. گرینگترین ماموستای نواندنی ئەم قوتابخانە (ستێلا ئادلێر)بوو. لە دەرچوانی ئەو قۆتابیانەی کە لە ئەکتورز ستۆدیو فێری نواندنی ستانسلاڤسکی کران دەتوانین ئاماژە بە (( مارلۆن براندۆ، ئانتۆنی کویین ، ڤیووین لی، رۆبێرت دۆنیرۆ، مریل ستریپ، پۆل نیومەن، ئال پاچینۆ، جیمز دین، داستین هافمەن، مێرلین مۆنڕو، و جەک نیکلسۆن) بکەین، کە لە پێشکەشکردنی جۆری نواندنی خۆیان لە جیهانی سینەمادا شایەنی باس کردنن.

لە کاتی ئیستادا هەموو ئەم گۆڕانکاری و پێشکەوتنانە لە جیهانی شانۆ و سینەما (نواندن) قەرزداری سیستەمی ستانسلاڤسکین کە لە بەرهەمەکانیدا بە جێی ماون و ئێستا لە سێ کتێب بە ناوی بەرهەمەکانی ستانسلاڤسکی سوودی لێی دەبینن. کتێبی یەکەم لە بەرهەمە سێ بەشیەکەی ستانسلاڤسکی بە ناونیشانی " ئامادەکردنی ئەکتەر " هەڵگری دۆزراوەیکی نوێیە کە نوسەر لە بواری داهێنانی شانۆیی بەدەستی هێناوە.

کتێبی دووەم هەڵگری دۆزراوەیەکی نوێی ستانسلاڤسکی لە بواری " دەرەوە " یە ؛ واتە ئاشکاراکردنی ئەوەی کە لە دەرەوەی ئەکتەر ڕوودەدات و چۆنیەتی ڕێنوێنی و سەرپەرشتی کردنی ئەم هەستانە. کتێبی سێیەم بەناوی " خولقاندنی ڕۆڵ "  کە هەڵگری دۆزراوەیەکی نوێی ستانسلاڤسکیە لە ڕەوتی " سیمای شانۆیی "دا.




ڕیکلام