تەندروستی دهۆک: ٤٥ تووشبووی دیکەی کۆرۆنا چاکبوونەوە

  2020-08-12  | 
دهۆک
یەکێک لە نەخۆشخانەکانی تایبەت بەکۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی دهۆک رایگەیاند، ٤٥ تووشبووی دیکەی کۆرۆنا چاکبوونەوە و بەوەش کۆی گشتی چاکبووانی کۆرۆنا لە پارێزگاکە گەیشتە ٥٧٨ کەس.

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی دهۆک لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە ١٢ی٨ی٢٠٢٠، ٤٥ نەخۆشی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بەتەواوەتی چاکبوونەتەوە و نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، پشکنینی تایبەتی یەک لەدوای یەک بۆ ئەو ٤٥ تووشبووە کراوە تا ئەو کاتەی کە ئەنجامی پشکنینەکانیان نێگەتیڤ دەرچووە و دواتر بڕیاردراوە بنێردرێنەوە ماڵەوە.

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی دهۆک راشیگەیاند، بە چاکبوونەوەی ئەو ژمارەیە، کۆی گشتی چاکبووانی کۆرۆنا لە پارێزگای دهۆک گەیشتووەتە ٥٧٨ کەس، لە ئێستاشدا ٨٠٤ تووشبووی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکانی دهۆک ماون و لە ژێر چاودێری پزیشکیدان.

بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تاوەکو ئەمڕۆ، ١٨ هەزار و ٧٦٦ کەس لە هەرێم تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش ٦٨٦ کەس بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە و ١٠ هەزار و ٦٨٩ کەسیش چاکبوونەتەوە و پەتاکەیان تێپەڕاندووە.



ڕیکلام