بەهۆی گەندەڵیی, فڕۆکە F16 عێراقییەکان ناتوانن ئەرکەکانیان جێبەجێبکەن

  2020-08-13  | 
فڕۆکەیەکی جۆری ئێف ١٦ لەبنکەی ئاسمانی بەلەد
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ژمارەیەک لێپرسراوی عێراقی و ئەو ئەمریکییانەی گرێبەستیان هەیە لە بنکەی ئاسمانی بەلەدی لە پارێزگای سەلاحەدین باس لەوە دەکەن، بەهۆی تەشەنەکردنی گەندەڵییەوە پۆلی فڕۆکەجەنگییەکانی جۆری ئێف ١٦ی عێراق، کە لەو بنکەیە جێگر کراون، چیتر توانای ئەنجامدانی ئەرکی هێرش و شەڕکردنیان نەمانوە.

ماڵپەڕی "iraq oil report" لەزاری لێپرسراوانی عێراق و ژمارەیەک لەو ئەمریکیانەی کە بە گرێبەست لە فڕۆکەخانەی بەلەد کاردەکەن ڕایانگەیاند، فڕۆکە ئێف ١٦کانی ئەمریکا چیتر ناتوانن بفڕن و ئەرکە سەربازییەکانیان ئەنجام بدەن، چونکە گەندەڵییەکی زۆر لە بنکەکە تەشەنەی کردووە.

ماڵپەڕەکە ١٢ چاوێکەوتن و دیداری لەگەڵ لێپرسراوە عێراق و ئەمریکییەکانی بنکەکە ئەنجامداوە، بەڵام بەو مەرجەی لەبەر دۆخی ئەمنی ناویان ئاشکرا نەکرێت.

ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکات، پرۆگرامی بنکەی ئاسمانی بەلەد دروشمی هاوکاری و هاوبەشی سەربازی نێوان ئەمریکا و عێراق بووە، بەڵام لە ئێستا جۆرێک لە بێسەروبەری و گەندەڵی لە بنکەکە تەشەنەی کردووە و چیتر فڕۆکەوانە عێراقییەکان توانای ئەنجامدانی ئەرکی جەنگیان نییە لەدژی چەکدارانی داعش.

ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکات، ئەو هەرەسهێنانەی سەربازییە، ئاماژەیەکی بەهێزە بۆ هەرەسهێنانی فراوانی پەیوەندی ئەمنی نێوان بەغدا و واشنتۆن و کاریگەریی گەندەڵی لەوڵاتدا، کە تەشەنەی کردووە.

پاراستنی لایەنی ئەمنی فڕۆکە ئێف١٦کانی ئەمریکا لەلایەن کۆمپانیای "سالی پۆرت گلوبال"ەوە دابیندەکرێت، کە لە ٣٤ فڕۆکە پێکهاتوون، کۆمپانیای لۆکهێد مارتیشی کە دروستکەری فڕۆکەکانن، ئەرکی چاککردنەوە و چارەسەرکردنی کێشە هونەرییەکانی فڕۆکەکانیان لەئەستۆدایە.

سەرجەم ئەو کۆمپانیایانی لەبنکەی بەلەد کاردەکەن لەسەرەتای ساڵەوە کشاونەتەوە، دوای ئەوەی لەلایەن گروپە چەکدار و میلیشیا عێراقییەکانەوە، ئەو بنکە ئاسمانییە بە چەند موشەکێک هێرشی کرایە سەر، وەک تۆڵەیەک لەپای کوژرانی قاسم سولەیمانی سەرۆکی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و ئەبومەهدی موهەندیس، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لەنزیک فڕۆکەخانەی بەغدا.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی کردووە بە قسەی دوو ئەفسەری سوپای عێراق، کە لە بنکەکە کار دەکەن و ڕایانگەیاندووە "بەبێ پسپۆڕی کۆمپانیای لۆکهێد مارتن لە بنکەی ئاسمانی بەلەد، بەهیچ شێوەیەک ناتوانرێت فرۆکە ئێف ١٦کان هیچ خزمەتگوزارییەکیان بۆ دابینبکرێت، بەشێوەک تەنها پێنج فرۆکە توانای فڕین و ئەرکی سەربازییان هەیە لەئێستادا".

هاوکات ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکات، تەشەنەکردنی گەندەڵی لەناو بنکە سەربازییەکە سەرکردە و فەرماندە سەربازییە عێراقییەکانیشی گرتووەتەوە، بەشێوەیەک تۆماری دەرچوون و ئەنجامدانی ئەرکی وەهمی و دروستکراویان بۆ فڕۆکە جەنگییەکان دروستکردووە، لەپێناو دزینی سوتەمەنی فڕۆکەکان کەبەکارنەهێنراون، کە مانگانە بە نزیکەی ٢٥٠ هەزار بۆ ٥٠٠ هەزار دۆلار مەزەندە دەکرێت".

ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکات ئەندازیارە عێراقییەکان ناچارکراون بە ئیمزاکردنی بەڵگەنامەی ئەوتۆ لەسەر بەکارهێنانی هەندێک بەشی خراپبوو بزوێنەری فڕۆکەکان، کە پێویستیان بە چاککردنەوە یان گۆڕین هەیە، ئەوەش بە مەترسیەکی ڕاستەقینە دەزانرێت بۆ ژیانی فڕۆکەوانە عێراقییەکان.

 ماڵپەڕی "iraq oil report " جەختدەکاتەوە لەوەی، پەیوەندییان کردووە بە وەزارەتی بەرگری عێراق و وتەبێژی هێزی ئاسمانی و ئەو ژەنەڕاڵەش کە بەرپرسی بنکەی ئاسمانی بەلەدە دەربارەی ئەو گەندەڵییان، بەڵام سەرجەمیان ڕەتیانکردووەتەوە هیچ لێدوان و زانیارییەک لەوبارەیەوە بدەن.

لەسەرەتای ئەمساڵەوە لێپرسراوە ئەمنییەکانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسایان ڕاگەیاندووە، زیاتر لە ٩٠%ی ڕاوێژکارە ئەمریکی و کارمەندانی هەردوو کۆمپانیای لۆکهێد مارتن و سالی پۆرتی تایبەت بەکارپێکردنی فڕۆکەکانی جۆری ئێف ١٦ی عێراقی، لەو بنکە ئاسمانییە کشاونەتەوە بۆ هەردوو بنکەی سەربازی تاجی و هەولێر.

لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردووەوە، بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ناوخۆیی عێراق، بوونەتە ئامانجی هێرشە موشەکییەکانی گروپ و میلیشیا چەکدارەکان، کە لە مانگی ٢٧ی مانگی کانونی یەکەمی ڕابروودا یەکێک لە هێرشەکان بووە هۆی کو    ژرانی کارمەندێکی گرێبەستی ئەمریکی.

لەو کاتەوەش هێرشە موشەکییەکان بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەعێراق بەردەوامە، ماوەیەک بەشێوەی نیمچە ڕۆژانە هێرش دەکرایە سەر ناوچەی سەوزی بەغدا کە باڵیۆزخانەی ئەمریکاش لەو ناوچەیەیە.



ڕیکلام