مەلا بەختیار: تەنها بارزانی دەتوانێت کۆنگرەیەک بۆ چارەسەری قەیرانەکان سازبکات

  2020-08-13  | 
مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجومەنی باڵای یەکێتی ڕایگەیاند
دۆسیە:  سلێمانى
 تۆڕی هەواڵی ژیان
مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجومەنی باڵای یەکێتی ڕایگەیاند، لەگەڵ هەموو جیاوازی‌و رەخنەكانم لە پارتی، تەنها مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دەتوانێت کۆنگرەیەکی کوردستانی سازبکات بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان، بە مەرجێک بڕیارەکانی جێبەجێ بکرێت.

مەلابەختیار لەوتارێکدا لە لاپەڕەی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نووسیویەتی "لەگەڵ هەموو جیاوازی‌و رەخنەكانم لە پارتی.. لە شێوەی حوكمڕانیەكەی.. بەڵام نایشارمەوە، لەم دۆخەدا، تەنها كاك مەسعود بارزانی دەتوانێ‌، كۆنگرەیەكی كوردستانی بۆ: حیزبەكان، رێكخراوەكان، پسپۆڕەكان، سازبدات‌و بەرپرسیارێتی چارەسەركردنی قەیرانەكان، لەناو كۆنگرەكەدا.. دیاری بكرێ‌.. بەمەرجێ‌ تەواوی بڕیارەكانی جێبەجێ بكرێ‌. نەك كۆنگرە بۆ دەستخەڕۆكردنی رای گشتی!!".

ئاماژەی بەوەشکردووە، بێباكی لەم دۆخە مەترسیدارەدا ترسناكە، بەداخەوە حیزبەكان "هەر خەریكی حیزبایەتی گۆشەگیرن، هەر خەریكی دەستەگەری‌و پیلانگێڕانن خەریكی شەڕە پەیج‌و فەیسبوك ‌و پیاهەڵدان ‌و پاساوهێنانەوەن بۆ شكست‌و شەرمەزایەكان".

نووسیوشیەتی "مەرگی خۆمم پێ خۆشترە، لە روخاندنی حكومەتی هەرێم وەكو حكومەتی خەڵك، حكومەتێك، بەڕاستی بتوانێ‌ تەنگوچەڵەمەكان چارەسەر بكات‌ و ژیانی مەدەنی پێشبخات، نەك دەستەپاچە بێ‌ بەرامبەر كێشەكان، تەنانەت نەتوانێ‌ گەندەڵكارە رسواكانیش سزا بدات".

لە بەشێکی دیکەی نووسینەکەیدا مەلا بەختیار ئاماژەی بەوەکردووە، دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و دەوڵەتانی ئیقلیمیش، سەرەتاكانی مەترسییان لەسەر چارەنوسی هەرێم‌و كوردستان دەركەوتووە، ئەگەری ئەوە لەئارادایە، كە سەرەنجامی ئەم قەیرانە دارایی‌ و سیاسییەی دنیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتۆتەوە، جۆرێك لە چارەسەری سیاسی-ئابوری-یاسایی  ئەوتۆ لەپشتی پەردەی بەرژەوەندیەكاندا هەبن کە لەکۆتاییدا، حكومەتە دیكتاتۆرەكان لەسەر حسابی ماف‌ و خەباتی گەلان، بپارێزرێن‌ و بسەپێنرێن.

 

 



ڕیکلام