بەرهەم ساڵح: پێویستە هەولێر و بەغدا بەرژەوەندی هاوڵاتیان بخەنە پێش بەرژەوەندی سیاسییەوە

  2020-08-13  | 
بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق
ئەرشیڤ
بەغدا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆک کۆماری عێراق رایگەیاند، ناكۆكییە بەردەوامەكان لەبارەی بابەتە داراییەكانی نێوان بەغدا و هەولێر لەسەر مافی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان لە رووی یاساییەوە، رەتدەكەنەوە و پێویستە ئەو دوولایەنە بەرژەوەندی هاوڵاتیان بخەنە پێش بەرژەوەندی خودی و سیاسییەوە .

بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، بەشێوەییەكی ورد و بەردەوام چاودێری گفتوگۆ بەردەوامەكانی نێوان هەولێر و بەغدای كردووە بۆ گەیشتن بە پاكتاوی یاسایی دادپەروەرانە بۆ ئەو بابەتە، كە زۆربەی ئاستەنگەكانی لە رێگەی گفتوگۆوە لەم چەند رۆژەی رابردوو نەهێڵراون و كەمكراونەتەوە .

هاوکات سەرسوڕمانی خۆی نیشانداوە لەبەرامبەر ئەو راگەیەنراوانەی كە لەم دوو رۆژەدا بڵاوکراونەتەوە و رایگەیاندووە، تیایاندا گرژی نیشان دەدرێت و رەنگدانەوەی راستی گفتوگۆكان نییە و ئەو راستیەش ناخاتەڕوو كە ئومێدی ئەوە دەكرێت لە كۆتایی ئەم هەفتەیە بگەنە رێکكەوتن و چارەسەرێكی دادپەروەرانە و یاسایی پەیڕەو بكرێت كە مافی گەلانی عێراق بپارێزێت و لە ناویشیاندا مافی هاوڵاتیان لە فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی كوردستان .

بەرهەم ساڵح راشیگەیاندووە، زامنكردنی موچەی هاوڵاتیانی عێراقی و لە نێویشیاندا هاوڵاتیانی هەرێم، مافێكی دەستورییە و لەسەر لایەنە پەیوەندیدارەكان پێویستە زامنی ئەو مافە بكەن و دەستاودەستی پێنەكەن، بەگوێرەی بەرژەوەندی سیاسی و خودی یان بەشێوەی ناشەرعی و نا یاسایی .

جەختی لەوەشکردووەتەوە، كاریگەری ناكۆكییە بەردەوامەكان لەبارەی بابەتە داراییەكانی نێوان بەغدا و هەولێر لەسەر مافی هاونیشتمانیانی هەرێمی كوردستان لە رووی یاساییەوە رەتدەكەینەوە و پێویستە هەست بە ئازاری مەترسیداری هاوڵاتیانی هەرێم بكرێت، لەبەر رۆشنایی ئەم قەیرانەی ئێستا.

داواشیكرد، بەزوترین كات هەولێر و بەغدا بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و بەرژەوەندی هاوڵاتیان بخەنە پێش بەرژەوەندی خودی و سیاسییەوە .

سەرۆك کۆماری عێراق دووپاتیشیكردووەتەوە، دەبێت دەست بە پەیوەندییەكان بکرێتەوە، بۆ نەهێشتنی ئەم قەیرانە نوێیە و گێڕانەوەی بابەتەکە بۆ چوارچێوەی یاسایی لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندی گشتی .

دوێنی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەگەرچی هەموو مەرجەکانی بەغدایان قبوڵکردووە، بەڵام حکومەتی فیدراڵی ئامادە نییە هیچ بڕە پارەیەک وەک موچەی موچەخۆرانی هەرێم بنێرێت.

دواتر وەزارەتی دارایی عێراق وەڵامی حکومەتی هەرێمی دایەوە و رایگەیاند، سەبارەت بە پاراستنی دەروازە سنورییەکان و چاودێریکردنی داهات و گومرگەکان، حکومەتی هەرێم نەرمی پێویستی نەنواندووە.

هەر ئەمڕۆش وەزارەتی دارایی هەرێم وەڵامی وەزارەتی دارایی عێراقی دایەوە و رایگەیاند، وەزارەتی دارایی فیدراڵی نایەوێت كار بەدەستور بكات و بە پێچەوانەی دەستور ڕێوشوێنی گرتۆتەبەر .