جارێکی تر شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە لە ناحیەی دەرکاری سەر بە قەزای زاخۆ دەستیپێکرد و تا ئێستاش شەڕەکە بەردەوامە .
پەیامنێری تۆڕی هەواڵی ژیان رایگەیاند، کاتژمێر 10:15 ئەمشەو، جارێکی دیکە شەڕێکی چڕ لە نێوان گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و سوپای تورکیا، لە گوندی شەرانشی سەر بە ناحیەی دەرکاردەستیپێکردووە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شەڕەکە بەتۆڕی هەواڵی ژیان-ی راگەیاند، لە شەڕەکەدا ژمارەیەک سەربازی تورکیا کوژراون و بریندرابوون.
ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا گەریلاکانی پەکەکە شەهیدیان نەداوە بەڵام چەند گەریلایەک برینداربوون.
نزیکەی دوو مانگە سوپای تورکیا بەبیانوی لێدان لە گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، لە زەوی و ئاسمانەوە هێرشدەکاتە سەر سنورەکانی زاخۆ و ئامیدی لە پارێزگای دهۆک، بەوهۆیەشەوە ژمارەیەک لە هەر دوولایەنی شەڕەکە کوژراون و برینداربوون، ئەمە جگە لەوەی ژمارەیەک هاوڵاتی مەدەنی سنورەکە شەهیدبوون و زیانی ماددی زۆریش بەر دانیشتووانی ناوچەکە گەیشتووە.