شەڕی نێوان گەریلاکانی پەکەکە و سوپای تورکیا لە نزیک گوندی شەڕانشێ-ی سەر بە ناحیەی دەرکار لە قەزای زاخۆ بەردەوامە و بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەمڕۆ لە شەڕەکەدا دوو سەربازی تورکیا کوژراون و گەریلایەکی پەکەکەش شەهید بووە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ناحیەی دەرکار بە تۆڕی ھەواڵی ژیان-ی راگەیاند، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی ١٤ی٨ی٢٠٢٠، جارێکی دیکە شەڕێکی چڕ لە نێوان گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و سوپای تورکیا لە نزیک گوندی شەڕانشێ دەستیپێکردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی زانیارییەکان تاوەکو ئێستا ، دوو سەربازی تورکیا کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.
ئاشکراشیکرد، هەر لەو شەڕەدا گەریلایەکی پەکەکە شەهیدبووە و سێی دیکەش برینداربوون و پێدەچێت ژمارەی کوژراو و بریندارانی هەر دوو لایەنی شەڕەکە بەرزبێتەوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، لە شەوی رابردووەوە شەڕ و پێکدادان لە نێوان گەریلاکانی پەکەکە و سوپای تورکیا لە نزیک گوندی شەڕانشێ-ی سەر بە ناحیەی دەرکار لە قەزای زاخۆ دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.
نزیکەی دوو مانگە سوپای تورکیا بەبیانوی لێدان لە گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، لە زەوی و ئاسمانەوە هێرشدەکاتە سەر سنورەکانی زاخۆ و ئامیدی لە پارێزگای دهۆک، بەوهۆیەشەوە ژمارەیەک لە هەر دوولایەنی شەڕەکە کوژراون و برینداربوون، ئەمە جگە لەوەی ژمارەیەک هاوڵاتی مەدەنی سنورەکە شەهیدبوون و زیانی ماددی زۆریش بەر دانیشتووانی ناوچەکە گەیشتووە.