تەندروستی عێراق ڕێوشوێنی توندتر دەگرێتە بەر

  2020-08-15  | 
تەندروستی عێراق هۆشداری دەدات لەبەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبون بەکۆرۆنا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی تەندروستی عێراق ئاشکرایکرد، بەنیازە پێشنیازی پێویست بەرزبکاتەوە بۆ شانەی قەیرانەکان، بەمەبەستی گرتنەبەری ڕێوشوێنی "توندوتیژ" بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی ئەو ژمارە زۆرەی تووشبوانی کۆرۆنا کە ڕۆژانە تۆمار دەکرێت.

ڕیاز عەبدولئەمیر خەلفی، بەڕێوەبەری گشتی  فەرمانگەی تەندروستی گشتی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی سەباحی فەرمی رایگەیاند "هەڵویست لە ڤایرۆسی کۆرۆنا زۆر جێگەی دوودڵییە، ئەویش بەهۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبوان و ئەو پشکنینە زۆرەی کە ڕۆژانە ئەنجام دەدرێت، بەشێوەیەک لەهەر ڕۆژێکدا زیاتر لە ٢١ هەزار پشکنین ئەنجام دەدرێت".

ئاماژەی بەوەشکردووە، هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی ڕێژەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەگەڕێتەوە بۆ پابەندنەبوونی هاوڵاتیان بەڕێوشوێنە تەندروستی و خۆپارێزییەکانەوە و قەدەغەکردنی هاتووچۆش وەک پێویست و بەشێوەیەکی تەندروست جێبەجێ نەکراوە.

ئەو بەرپرسە باڵایەی وەزارەتی تەندروستی عێراق هۆشداری ئەوەشی دا، کە چاوەڕواندەکرێت لە ڕۆژانی داهاتوودا ژمارەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەرەوبەرزبوونەوەی زیاتر بڕوات.

حەلفی جەختیکردووە، لیژنەی ڕاوێژکاری لەوەزارەتی تەندروستی پێشنیازەکانی بەرزدەکاتەوە بۆ لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتیمانی، کە دەبێت پابەندبوون هەبێت بە پۆشینی دەمامک و دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی و جێبەجێکردنی ڕێوشوێنەکانی خۆپارێزی ، بە تایبەت کە تا ئێستا هیچ ڕێوشوێنێکی یاسایی نەگیراوەتە بەر بەرامبەر بەو کەسانەی سەرپێچی دەکەن.

ڕوونیشیکردووەتەوە، لە پێشنیازەکاندا داواکراوە بە بەردەوامبوونی ڕێوشوێنەکانی نیمەچەقەدەغەی هاتووچۆ، کە هەرچەندە لە ئێستادا بەڕێژەی لە١٠% لەلایەن هاوڵاتیانەوە جێبەجێ دەکرێت.

هەروەها پێشنیاز کراوە ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی قەدەغەی هاتووچۆی سەرتاسەری تای جێبەجێ بکرێت، داواشی لە هاوڵاتیان کرد پابەند بن بە ڕێنماییەکانی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای عێراق، کە داوای خۆپارێزی و پابەندبوونی کردووە بە ڕێوشوێنە کەسییەکانەوە، بۆ ئەوەی سنورێک بۆ تەشەنەکردنی کۆرۆنا دابنرێت لەعێراقدا.

ئەو هۆشدارییەی وەزارەتی تەندروستی عێراق لەکاتێکدایە، دوێنێ هەینی ژمارەی تووشبوون بە کۆرنا گەیشتە نزیکەی چوار هەزار کەس لەڕۆژێکدا.



ڕیکلام