ئێران: لە ٦٠%ی بەرهەمی نەوتی وڵات لە کێڵگە هاوبەشەکان لەگەڵ عێراق بەرهەم دەهێنرێت

  2020-08-15  | 
دۆسیە:  ئێران
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەڕێوەبەری جێبەجێکردنی کۆمپانیای "ئاروەندان" ی ئێران لە بواری نەوت و غاز ئاشکرایکرد، لە٦٠%ی بەرهەمی کۆمپانی نەوتی وڵاتەکەی لەکێڵگە هاوبەشەکانی ئێران لەگەڵ عێراقدا بەرهەمدەهێنرێت.

ئاژانسی هەواڵی فارس نیوز لەزاری  جیهانگیر پورهەنگ، بەڕێوەبەری جیبەجێکاری کۆمپانیای ئاروەدانەوە بڵاویکردەوە، بەرهەمی کۆمپانیای نەوتی لە ناوچەی ڕۆژئاوای ڕوباری کارون، لە باشوری ڕۆژئاوای وڵات، لەڕێگەی کێڵگە نەوتییە هاوبەشەکانی نێوان عێراق و ئێرانەوە، لە٦٠%ی بەرهەمی نەوتی بەرهەمهاتووی ئێرانی لێ دەردەهێنرێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتوودا ئەو ڕێژەیە بەرزبێتەوە بۆ لە٧٠%ی بەرهەم، لەچوارچێوەی پێشبڕکێی لەگەڵ عێراقی هاوسێ بۆ دەرهێنانی نەوتی خاوی قورس و سوک.

ئەو بەرپرسە باڵای بواری نەوتی ئێران ڕوونیکردەوە، تێڕوانیان بۆ داهاتوو، بە نیازن بڕی بەرهەمی نەوتی بەرهەمهاتوو لەو کێڵگانە بگەیەننە یەک ملیۆن بەرمیل لەڕۆژێکدا.

ئاشکراشیکرد کۆمپانیای ئاروەند سەرپەرشتی پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوتی ناوچەی خۆرئاوای کارون دەکات لە پانتاییەکی ٥ هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشەدا، کە بەشێوەیەکی فراوان ناوچەی هۆڕی مەزن دەگرێتەوە.

لە کۆتایی وتەکانیدا پۆرهەنگ ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرباری گەمارۆ سەپێنراوەکانی سەر پیشەسازی نەوتی ئێران، بەڵام توانای ئێران لەو کێڵگە هاوبەشانەدا قبوڵکراوە، لەبەرامبەر ئەو هەوڵانەی کە لەو پێناوەدا بەخەرجی دەدات.