وڵاتیکی دیکەی عەرەبی بەنیازە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکاتەوە

  2020-08-16  | 
بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و عەبدولفەتاح بورهان سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی سودان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئیلی کۆهین وەزیری دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل ئاشکرایکرد، وڵاتەکەی و سودان زۆر نزیکن لە ئیمزاکردنی ڕێککەوتنامەی ئاشتی لە نێوانیاندا.

میدیای ئیسرائیل لەزاری کۆهینەوە بڵاویکردەوە "چاوەڕواندەکرێت ئەو هەنگاوە مێژووییە بەم نزیکانە بنرێت و بەر لە کۆتایی ئەمساڵ ڕەنگە ڕابگەیەنرێت".

ئاماژەی بەوەشکردووە، پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و سودان بەردەوامە و نێردراوی هەردوو وڵات بەردەوامن لە ئامادەکارییەکان بۆ گەیشتنە بەو ڕێککەوتنە.

ئەوەش لەکاتێکدایە لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا، بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و عەبدولفەتاح بورهان سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی سودان، لەوڵاتی ئۆگەندا یەکتریان بینی و ڕێککەوتن لەسەر دەستپێکردنی هاریکارییەکانیان، بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات.

لەبەشێکی دیکەی وتەکانیدا وەزیری هەواڵگری ئیسرائیل ئاشکرایکرد، چاوەڕواندەکرێت، هەریەکە لە وڵاتەکانی بەحرەین و سوڵتان نشینی عومان، شوێن پێی ئیمارات هەڵبگرن و کار بکەن بۆ ئاساییکردنەوەی پەوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتەکەیدا.

ئیلی کۆهین لەوبارەیەوە وتی "لەوبڕوایەدام هەریەکە لە بەحرەین و سوڵتانشینی عومان لەخشتەی کارەکەدان بەدڵنیاییەوە، ساڵی داهاتووش هەلی ئەوە دەرەخسێت وڵاتانی دیکەی ئەفریقا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکەنەوە".

ئەو وتانەی وەزیری هەواڵگری ئیسرائیل لەکاتێکدایە، هەریەکە لەبەحرەین و سوڵتانشینی عومان ستایشی پەیوەندییەکانی ئیمارات و ئیسرائیلیان کرد، پێشتریش سوڵتان قابوس سوڵتانی کۆچکردووی عومان، بەشێوەیەکی فەرمی پێشوازی کرد لە بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بێ ئەوەی هیچ ئاماژەیەک بکرێت بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات.



ڕیکلام