لەکۆتاییدا دەسەڵاتدارانی هەرێم گەڕانەوە بۆ بەغدا

  2020-08-16  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ساڵانێکی دورو درێژە پارتی دیموکراتی کوردستان کار بۆ دوورکەوتنەوە دەکات لە بەغدا لە کاتێکدا یەکێک بوو لەو حزبانەی کەمپینی بۆ دەنگدان دەکرد بە دەستووری عێراق، دوو سەرەکیترین پلانی پارتی بۆ دوورکەوتنەوە لە عێراق شکستی هێنا، ئەوانیش ریفراندۆم و سەربەخۆیی ئابووری بوو.


لە دوای ساڵی 2004وە کە عێراق بودجە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت، حکومەتی هەرێم هیچ مانگێک بەبێ ئەو بودجەیە نەیتوانیوە مووچەی تەواوەتی بداتە فەرمانبەرانی، لەماوەی ساڵانی رابردووشدا پارتی زۆرترین رەخنەی لەو حزبانە گرتووە کە ویستوویانە لە چوارچێوەی دەستوور مامەڵە لەگەڵ حکومەتی عێراق بکەن و زۆرجار بە عێراقچێتی ئەو حزبانەی تۆمەتبار کردووە، بەڵام ئەزموونی چەند ساڵی رابردووی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەی دەرخستووە بەبێ رێککەوتن لەگەڵ بەغدا ناتوانێت تەنانەت مووچەی فەرمانبەرانیش دابین بکات.

لە دوای هەڵبژاردنی وەک هاوسەرۆکی یەکێتی، لاهور شێخ جەنگی بەردەوام جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی دەبێت حکومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا رێکبکەوێت.

لەو سەرو بەندە دا کە حکومەتی هەرێم 21٪ی مووچەی فەرمانبەرانی بڕی، لاهور شێخ جەنگی هۆشداریدا و جەختی لە رێککەوتن لەگەڵ بەغدا کردەوە و رایگەیاند، ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدا نه‌گاته رێككه‌وتن، شه‌فافییه‌تی نه‌بێت له‌ خه‌رجی و داهات،  یه‌كێتی ناچێته ژێر باری مووچه بڕین. هه‌ڵپه‌ساردنی به‌شداری له‌ په‌رله‌مان و حكومه‌ت و، هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت یه‌كێك ده‌بێ له‌ بژارده‌كانمان.

کاتێک بەهۆی دەرکردنی بەیاننامەکانی رۆژی 13 و 14 ئەم مانگەی نێوان هەردوو وەزارەتی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا گرژی تێکەوت و یەکترییان بەکەمتەرخەمیکردن لە رێککەوت تۆمەتبار کرد لاهور شێخ جەنگی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک رایگەیاند، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سورە لەسەر رێککەوتنی حکومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا، لە پێناو دابینکردنی شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم.

بەڕای شارەزایانی سیاسی، لەبارەی پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق لاهور شێخ جەنگی بەشێوەیەکی واقیعیانە مامەڵەی کردووە بەتایبەت لەبارەی رێککەوتن لەسەر پرسی مووچە و بودجە.

پارتی دیموکراتی کوردستان کە پێشتر کاری بۆ ئەوە دەکرد لەبەغدا دوربکەوێتەوە، لەبارەی پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا  بۆچوونی پێچەوانە بووەتەوە و بەهیوایە و چاوەڕانی رێککەوتنە لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق.

مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ساڵیادی دامەزراندنی حزبەکەیدا رایگەیاند: بەڕێز مستەفا كازمیی سەرۆك وەزیرانی ئێستای عێراق كە تێگەییشتنی بۆ دۆزی گەلی كوردستان هەیە، ئەو دەرفەتە هەیە كە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لە چوارچێوەی دەستووردا چارەسەر بكرێت و هەردوولا بگەینە ئەنجامی باش. ئەو دەستوورەی كە ئەگەر وەك خۆی جێبەجێ كرا با ئێستا زۆرێك لەو گرفتانە نەدەبوون كە لە نێوان هەولێر و بەغدادا هەیە.

لە ماوەی رابردوو کە هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆدابوون بۆ رێککەوتن، مەسرور بارزانی پاشگەزبووەوە لە رێککەوتنێک بۆ هاتنی کارمەندانی چاودێری دارایی  عێراق بۆ دەروازە سنورییەکان، بەڵام لەو ماوەیە یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆچوونی وابووە لەچوارچێوەی دەستوور لەوبارەوە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی ناوەند بکرێت، تاوەکو دواجار پارتی هاتە سەر ئەو بۆچوونەی یەکێتی و قایل بوو بە هاتنی کارمەندانی چاودێری دارایی عێراق بۆ دەروازە سنورییەکان.

رێککەوتنەکە بەجۆرێکە حکومەتی هەرێمی کوردستان نیوەی داهاتی دەروازە سنوورییەکان دەداتە حکومەتی ناوەندی و لەبەرامبەردا مانگانە عێراق 320 ملیار دینار دەداتە هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی فەرمانبەران.  


ڕیکلام