کوڕە ئاکتەرێکی کورد خەڵاتی چەژنی حافز وەردەگرێت

  2020-08-16  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
خەڵاتەکانی ساڵانەی حافز لە ئێران دابەشکران و ئاکتەرێکی کورد خەڵاتی باشترین ئاکتەری پیاوی وەرگرت

لە مەڕاسیمی جەژنی ساڵانەی حافزدا ئاکتەری بەناوبانگی سینەمای ئێرانی (نەوید محمەدزادە) خەڵاتی باشترین ئاکتەری پیاوی وەرگرت بۆ فیلمی (سورپێست) کە خەڵاتێکی بەناوبانگە و ساڵانە دەبەخشرێتە ئاکتەر و دەرهێنەرە بەناوبانگەکانی سینەمای ئێران، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی ڤایرۆسی کۆڕۆناوە ژمارەیەکی کەم لە هونەرمەندان ئامادەبوون.

نەوید جگە لەم خەڵاتە پێشتر چەندین خەڵاتی ناوەوەی ئێران و جیهانی وەرگرتووە و لە میانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانیشدا وەکو میوان بانگێشت کراوە و خەڵاتی پێبەخشراوە، ئەویش بە ئامادەبوونی لە ناو کوردانی باشووردا خۆشحاڵی نیشانداوە و بە برا ناویهێناون .

ئەم ئاکتەر دیارەی سینەمای ئێرانی بە ڕەچەڵەک کوردە و لە دایکبووی ساڵی ١٩٨٦ی شاری ئیلامە، لە کاتی بانگێشتکردنیشدا بۆ وەرگرتنی خەڵاتی باشترین ئاکتەری پیاو لە جەژنی حافزدا بە (پڵنگی کورد) ناویهێنرا

ئەم ئاکتەرە ناوبانگێکی زۆری ناوخۆیی و جیهانی هەیە و لە چەندین کاری شانۆیی و فیلمی سینەماییدا ڕۆڵی گێڕاوە و بۆ هەریەکێکیشیان بۆتە مایەی سەرنجی بینەران و ڕەخنەسازانی بواری نواندن .

ساڵی پاریش فیلمی (مەتری شەش و نیو) کە ئەو ڕۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕێت لە شاری سلێمانی نمایشکرا و بینەرێکی بەرچاوی هەبوو .




ڕیکلام