هاوپەیمانی سائیرون: ناردنی پارە بۆ هەرێم پێچەوانەی یاسایە

  2020-08-17  | 
دۆسیە:  حکومەتی هەرێم
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هاوپەیمانی سائیرون ڕایگەیاند، حکومەت بە پێچەوانەی یاساوە بڕیاری داوە بڕی ٣٢٠ ملیار دینار رەوانەی هەرێمی کوردستان بکات.

عەلاء ڕوبەیعی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیرون ڕایگەیاند، پێویستە حکومەت روونکردنەوەی پێویست بدات کە هەستاوە بە ناردنی ٣٢٠ ملیار دینار بۆ حکومەتی هەریمی کوردستان، بێ هیچ پشتیوانییەکی یاسایی.

ڕوبەیعی ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو بڕیارە لەسەردەمی حکومەتی کازمیدا دووبارە بۆتەوە بێ ئەوەی هۆکارەکەی بزانرێت و حکومەتی فیدراڵی ئەو برەپارانەی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەنێرێت، بێ ئەوەی هەرێم هیچ داهاتوو قەرزێک بداتەوە بە حکومەتی فیدراڵی.

ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی فیدراڵی و وەزارەتی دارایی بەگوێرەی بەرژەوەندی شەخسی خۆیان ئەو پارانەیان ڕەوانە کردووە بۆ هەرێم.

لەبەشێکی دیکەی وتەکانیدا ئەو پەرلەمانتارە جەختیکردووەتەوە، ئەنجومەنی وەزیران بێدەند نابێت لەئاست ئەو بەهەدرەدانەی ملیاران دیناری عێراق، لەڕێگەی ڕێککەوتن و بەرژەوەندی سیاسی تایبەت و لەسەر حسابی قوتی گەل.

لە کۆتایی وتەکانیدا ئەو پەرلەمانتارە جەختیکردووەتەوە، لەبەردەم دادگا تانە لەوبڕیارەی حکومەت دەدەن، ئەگەر حکومەت پاشگەز نەبێتەوە و گوێ بە  پەرلەمان نەدات لە بابەتە گرنگەکاندا.

ئەو قسانەی ئەو پەرلەمانتارەی هاوپەیمانی سائیرون لەکاتێکدایە،  حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق ڕێککەوتن لەسەر ناردنی بڕی ٣٢٠ ملیار دینار کە بۆ سێ مانگی داهاتوو بەغدا ڕەوانەی هەرێمی کوردستانی بکات، لە بەرامبەریشدا سیستمی هەژمارکردن بۆ داهاتە گومرگییەکان لەدەروازە سنورییەکانی هەرێم دادەنرێت.



ڕیکلام