میدیاکانی لیبیا بڵاویانکردەوە،حکومەتی ویفاقی ئەو وڵاتە و تورکیا و قەتەر ڕێککەوتوون لەسەر بەگەرخستنەوەی بەندەری میسراتە، وەک بنکەیەکی هێزە دەریاییەکانی تورکیا، کە لەدەریای ناوەڕاستدا کاردەکەن.
میدیاکانی لیبیا لەزاری ئەو سەرچاوانەوە کە بە ئاگادار ناویان بردووە و بە کەناڵی (NWES218 )ی ڕاگەیاندووە، ڕێککەوتنەکە لەنێوان حکومەتی ویفاقی نیشتیمانی و تورکیا و قەتەر بووە، بۆ هەماهەنگی کردن و کۆبوونەوە هەر سێ مانگ جارێک لەسەر ئاستی سەرۆکایەتی ئەرکان، لەگەڵ بوونی ڕاوێژکارانی هەرسێ وڵات لە شاری میسراتە و بەگەرخستنەوەی بەندەری شارەکە وەک بنکەیەکی هێزە دەریاییەکانی تورکیا.
سەرچاوەکە ئاشکرایکردووە، هەرسی لایەن ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی قەتەر بودجەی چاککردنەوەی سەرجەم سەنتەرە ئەمنی و بارەگاکانی شاری تەرابلوس نوێ بکاتەوە، کەبەهۆی جەنگەکانی ئەم دواییەوە وێران بوون.
لە لایەکی ترەوە نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی حکومەتی ویفاقی نیشتیمانی لیبیا ڕایگەیاند، گفتوگۆی نێوان لایەنی تورکیا و قەتەر لە تەرابلوس، تایبەت بووە بە هاریکاری لەبوارەکانی سەربازیی و ئەمنی و پرۆگرامی بنیاتنانی توانا ئەمنی و بەرگرییەکانی هێزەکانی حکومەتی ویفاق.
بەر لەکۆبوونەوەکە هەریەکە لە خلوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا و خالید محەمەد عەتیە وەزیری بەرگری قەتەر، ئەمڕۆ گەیشتنە لیبیا ولەگەل فایز سەراج سەرۆکی حکومەتی ویفاق کۆبوونەوە، بەمەبەستی ئەنجامدانی گفتوگۆی فەرمی لەسەر دۆخی ناوخۆیی لیبیا لەڕووی ئەمنی و سەربازییەوە.