وه‌زاره‌تی دارایی سەبارەت بەدابه‌شكردنی مووچە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

  2020-08-17  | 
هەولێر
وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم سەبارەت بەدابه‌شكردنی مووچە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری هه‌رێمی کوردستان سەبارەت بەدابه‌شكردنی مووچەی فەرمانبەران، روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ورده‌كاری داهاته‌كانیشی خسته‌ڕو.

ئه‌مڕۆ دووشەممە ١٧ی٨ی٢٠٢٠، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێم بڕیاریدا ده‌ست به‌دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی (ئادار/3)ی 2020ی فه‌رمانبه‌ران بكرێت، به‌پێی ئه‌و داهاته‌ی له‌به‌رده‌ستن.

بەپێی روونکردنەوەی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم، ته‌مویلی به‌غدا 320 ملیار دینار، ته‌مویلی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كان 270 ملیار دینار، داهاتی ناوخۆ 120 ملیار دینار، ته‌مویلی هاوپه‌یمانان 20 ملیار دینار كه‌ كۆی گشتی ده‌كاته‌ 730 ملیار دینار.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ته‌مویله‌كه‌ی بەغدا ده‌بوو 453 ملیار دینار بوایه‌ به‌ڵام به‌غدا 133 ملیار دیناری بڕیوه‌، هه‌روه‌ها ته‌مویلی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كان 270 ملیار دیناره‌ بۆ ئه‌م مانگه‌ كه‌ پێشتر 354 ملیار دینار بوو، كه‌ بڕی 84 ملیار دینار كه‌میكردووه‌.

هه‌ر به‌گوێره‌ی روونكردنه‌وه‌كه‌، بۆ ته‌مویلكردنی مووچه‌ی ته‌واوی مانگێكی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان 895 ملیار دینار پێویسته‌.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ ئه‌مڕۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیاریدا له‌سبه‌ینێوه‌ ده‌ست به‌دابه‌شكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بكرێت و بۆئه‌و مه‌به‌سته‌ش وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی وه‌ك یه‌كه‌م وه‌زاره‌ت مووچه‌ی پێبدرێت، رێژه‌ی لێبڕینیش به‌هه‌مانشێوه‌ی موچه‌ی مانگی (شوبات/2)ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ده‌بێت، به‌جۆرێك 21% له‌مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و 50% له‌مووچه‌ی پله‌ باڵاكان ده‌بڕدرێت.




ڕیکلام