ئەمڕۆ كازمی بەرە و ئەمریكا بەڕێ دەكەوێت

  2020-08-18  | 
دۆسیە:  ئەمریکا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پێش ئەوەی بەڕێبكەوێت بۆ ئەمریكا سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند تائێستا عێراق پێویستی بە یارمەتی ئەمەریكا ھەیە بۆ روبەڕبوونەوەی چەكدارانی داعش.


مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ئاژانسی ئەسیۆشیەتد پرێس، رایگەیاند، وڵاتەكەی تا ئێستاش پێویستی بە یارمەتی ئەمەریكا هەیە، بۆ روبەروبوونەوەی مەترسییەكانی داعش و دەشڵێت "هەمیشە پێویستیمان بە هاوكاری و هەماهەنگی دەبێت، لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ئەگەرچی بەشێوەی راستەوخۆی سەربازیش نەبێت، بەڵام لە رووی مەشق و راهێنان و ناردنی چەكەوە پێویستیمان بە هاوكارییە". 

وا بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە سەرۆك وەزیرانی عێراق بگاتە ئەمەریكا هەر یەك لە وەزیرانی بەرگری، دەرەوە، نەوت، كۆچ و كۆچبەران، كارەبا، لە سەردانەكەدا یاوەری دەبن و لە رۆژی 20ی ئابیش چاوی بە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا دەكەوێت. 

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە ئایا هیچ پەیامێكی لە بەرپرسانی ئێرانەوە بۆ ئەمریكا پێیە؟ كازمی وتی "ئێمە لە عێراق رۆڵی پۆستەچی ناگێڕین".

 وابڕیارە سبەی چوارشەممە دیدار و كۆبوونەوەكانی كازمی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریكا دەست پێبكات و لە یەكەم وێسگەشدا لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە دەبێت.


ڕیکلام