عالیە نسەیف: هەولێر نانەکەی خۆی دەخوات و نانی پارێزگاکانی تریشى دەوێت

  2020-08-18  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
عالیە نسەیف پەرلەمانتاری لیستی دەوڵەتی یاسا دەڵێت هەولێر نانەکەی خۆی دەخوات نانی پارێزگاکانی تریش لەگەڵ خۆی بەش دەکات، بۆ نابێت هیچ بڕە پارەیەک ڕەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێت.

نسەیف جەختیکردەوە، هەر ڕێککەوتنێک لەگەل هەرێمی کوردستان کە ناردنی پارە لەخۆ بکرێت، بە هەموو شێوەیەک ڕەتدەکرێتەوە، چونکە داهاتی نەوتی هەرێم دەبێت بەهەڵم بە تەواوەتی، جا لەڕێی فرۆشتنەوە بێت یان بەقاچاغ بردنی بێت.

لە بەیاننامەیەکدا ئەوپەرلەمانتارەی دەوڵەتی یاسا وتی "گەر کەسوکارەکانمان لەکوردەکات سود لەو پارانە وەردەگرن وەک موچە و کرێی بەڕێکردنی خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت، کەس نیگەرانی و دژایەتی نەدەکرد، بەڵام ئێمە ئاگادارین ئەو پارانە بەهیچ شێوەیەک بۆ ئەو کەسانە خەرج ناکرێت و هەژار بەهەژاری دەمێنێتەوە و دەوڵەمەندیش زیاتر دەوڵەمەند دەبێت".

ئەو پەرلەمانتارە بەدەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانی وت "لەچ  یاسایەک یان شەریعەتێکی ئاسمانیدا هەیە، نانەکەی خۆتان بۆ خۆتان و نانەکەی دیکەش لەگەڵ ١٥ پارێزگاکەی دیکە بەش بکەن؟ ١٧ ساڵە قوتی گەلەکەتان دەدزن بەس نەبوو، ئایا ڕەوایە هەولێر ٦٢٠ هەزار بەرمیل نەوت لەڕۆژێکدا بفرۆشێت و داهاتەکەشی بۆخۆی بێت و مانگانەش ٣٢٠ ملیاری دینار لە داهاتی پارێزگاکانی دیکەشی بۆ بچێت؟".

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا نسەیف ڕایگەیاند، پێویستە پەرلەمان هەڵوێستێکی ڕوونی هەبێت و ڕاشکاوانە هەموو ڕێککەوتنێک ڕەتبکاتەوە، کە پارە بۆ هەرێم ڕەوانە بکات، پێویستە حکومەتی هەرێم دەستهەڵگرێت لە سوکایەتیکردن بە حکومەتی فیدراڵی و داهاتە نەوتی و نا نەوتییەکانی بگێڕێتەوە، پێویستە موچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش لەڕێگەی کارتی بانکی  بانکەکانی حکومەتی فیدراڵییەوە خەرجبکرێت، دوای ئەوەی ئەوان فلتەری دەکەن.



ڕیکلام