سەرچاوەیەک: کازمی لەسەردانەکەی بۆ ئەمریکا داوای پارە لە ترەمپ دەکات

  2020-08-18  | 
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرچاوەیەکی حکومەتی عێراق ئاشکرایکرد، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە میانی سەرانەکەی بۆ واشنتۆن، داوای پارە و کۆمەکی دارایی لەویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات.

میدیا عێراقییەکان  لەزاری ئەو سەرچاوەیەوە بڵاویانکردەوە، کازمی ئەو کۆمەکە داراییە بۆ دۆسیەی مرۆیی لەعێراقدا داوا دەکات، بەتایبەت بۆ هەردوو دۆسیەی ئاوارەکان و ڤایرۆسی کۆرۆنا.

ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەیەوێت سود لەخواستی ئەمریکا وەربگرێت بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتۆن و داوای کۆمەکی لێ بکات، لەڕێی ئەویشەوە کۆمەکی تری لەکۆمەڵی نێودەوڵەتییەوە دەستکەوێت.

ئەمڕۆ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەرەو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەسەرۆکایەتی شاندێکی باڵای حکومی بەڕێکەوت، بڕیاریشە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و ژمارەیەک لە لێپرسراوە باڵاکانی ئەو وڵاتەدا کۆبێتەوە.

 



ڕیکلام