قۆناغی دووەمی گفتوگۆی ستراتیژی ئەمریكا و عێراق ئەنجامدەدرێت

  2020-08-19  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەمڕۆ 19ـی ئاب، قۆناغی دووەمی گفتوگۆی ستراتیژیی نێوان ئەمریكا و عێراق بەڕێوە دەچێت و هەردوو وڵات بە سەرۆكایەتی وەزیرانی دەرەوەیان بەشداری تێدا دەكەن.

قۆناغی دووەمی گفتوگۆی ستراتیژی نێوان ئەمریكا و عێراق لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریكا بەڕێوە دەچێت و شاندی ئەمریكی بە سەرۆكایەتی مایك پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا دەبێت و شاندی عێراقیش بەسەرۆكایەتی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق دەبێت. 

هەر چەندە لە ئێستادا مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە ئەمریكایە، بەڵام بەشداری ئەو گفتوگۆیە ناكات و چەند دیدارێكی تایبەتی ئەنجام دەدات، وا بڕیارە رۆژی 20ی مانگ لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا كۆببێتەوە. 

ئەمریكا و عێراق لە گفتوگۆ ستراتیژییەكانیاندا باس پرسی ئەمنی، وزە، تەندروستی و ئابووری دەكەن و مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق تەوەری سەرەكی گفتوگۆكان دەبێت. 

یەكێكی دیكە لە تەوەری گفتوگۆكان كە عێراق مەبەستیەتی ئەنجامی تیادا بەدەست بهێنێت بەخشينی عێراقە لە سزاكانی ئەمریكا بەسەر ئێران بۆ كڕینی كارەبا لەو وڵاتە، پێشبینیش دەكرێت چەند رێككەوتنێك لەنێوان هەردوو وڵات ئەنجام بدرێن.  

قۆناغی یەكەمی گفتوگۆكان لە 11ی حوزەیرانی2020  لە رێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە ئەنجامدرا و باس لە پەیوەندیی ئەمنی، ئابووری، وزە، سیاسی، كولتووری و روبەڕوبوونەوەی تیرۆر و كردنەوەی بنكەی سەربازی هەمیشەیی ئەمریكا لە عێراق گفتوگۆی لەبارەوە كرا. 

گفتوگۆكردنی ستراتیژی  بۆ نوێكردنەوەی ئەو رێككەوتنە ئەمنیەیەی نێوان ئەمریكا و عێراقە كە لە ساڵی 2008 ئەنجامدراوە، بەڵام لەدوای كوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس لەلایەن ئەمریكاوە پەرلەمانی عێراقی بڕیاری دەركردنی هێزە بیانیەكانی لە خاكی وڵاتەكەی دەركرد بەوەش  كێشە بۆ ئەو رێكەوتنە ئەمنیەی نێوان ئەو دوو وڵاتە دروست بوو. 


ڕیکلام