لە سلێمانی 71%ی كرێكاران گرێبەستی كاریان نیە

  2020-08-19  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لە ئەنجامی راپرسیەك لەبارەی دۆخی كرێكاران لە شاری سلێمانی راگەیەندرا 71%ی كرێكاران گرێبەستی كاریان نیە و 96%ی كرێكارانیش ئەندام نین لە هیچ سەندیكایەكی كرێكاراندا.


رێكخراوی دابین بۆ مافەكانی مرۆ ڤبە هاوكاری و پاڵپشتی رێكخراوی (ئێن ئی دی) ئەمریكی ئەنجامی راپرسیەكی لەبارەی دۆخی كرێكاران و یاسای كار لە سنوری سلێمانی راگەیاند كە ژمارەیەكی زۆر شارەزایان و خەڵكانی یاسایی راوێژیان پێكراوە. 

رێكخراوەكە ئاشكرایكرد  450 فۆرمی راپرسیان لە كۆتایی مانگی تەمموز بڵاوكراوەتەوە، تیایدا دەركەوتووە 71%ی بەشداربووانی راپرسیەكە گرێبەستی كاركردنیان نیە وئەوانەی لە كاتی كارەكانیان رازی نین 37% و 36%یش لە كرێی كارەكانیان رازی نین. 

بە گوێرەی ئەو راپرسیە خاوەنكارەكان 62.6% پێداویستیەكانی كاریا ن بۆ كرێكارەكان دابین كردووە، لەبارەی دەستەبەری كۆمەڵایەتی(زەمان) 89%ی بەشداربووان رایانگەیاندووە كە دەستەبەر نەكراون . 

ئەنجامی راپرسیەكە راشیگەیاند 96%ی كرێكاران ئەندامنین لە هیچ سەندیكایەكی كرێكاران و 50.6%ی  بەشداربووانی راپرسیەكەش رازی نین لە كاری سەندیكای كرێكاران. 

بەگوێرەی ئەنجامی ئەو راپرسیە كرێكاران ئاگاداری یاساكانی تایبەت بە كرێكاران نین رێژەیان  72.8%ی كرێكارانە. 

رێكخراوەكە لە ئەنجامی راپرسیەكەی رایگەیاندووە زۆرینەی زۆری كرێكاران گرێبەستی كاركردنیان نیە و ئەوەش بە هۆكارێك بۆ پێشێلكردنی مافی كرێكاران دادەنرێت. 

ئەوەشی ئاشكراكردووە كە كات و كرێی كار یەكێك لەو بابەتانەیەكە لەلایەن خاوەنكارەكانەوە زەوتدەكرێت، بەشداری نەكردنیان لە دەستەبەری كۆمەڵایەتی هۆكارە بۆ ئەوەی كرێكاران لە داهاتوودا بێبەش ببن لە مافی خانەنشینی. 


ڕیکلام