كۆمەڵە شیعرێكی حوسێن لە تیف لە بارەی جەنگەوە چاپدەكرێت

  2020-08-19  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
كۆمەڵە شیعرێكی حوسێن لەتیف بە ناوی جەنگ نیازی ئاوا بوونی نیە چاپدەكرێت، شاعیرەكەشی دەڵێت پێشەكی بۆ نەنوسراوە لەبەر ئەوەی پێشەكی بۆ شیعر و تێكستی ئەدەبی دەبێت بە پێداهەڵگوتن.


حوسێن لەتیف، شاعیرێكی كوردە لە نوێترین بەرهەمیدا كۆمەڵە شیعرێكی بە ناوی (جەنگ نیازی ئاوابوونی نییە) چاپكردووە، بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی وت: دیوانە شیعرەكە، هیچ پێشەكیەكی بۆ نەنوسراوە،  چونكە پێشەكی بۆ شیعر و تێكستی ئەدەبی دەبێت بە پێداهەڵگوتن، لە ڕاستیدا دەق خۆی باشترین قسەكەرە لەبارەی خۆیەوە.

ئەو لەبارەی بەرهەمە نوێیەكەیەوە ئاماژەی بەوەكرد، زۆرێك لەتێكستەكانی وەرگێڕدراون بۆ زمانی ئینگلیزی وعەرەبی،  (11) دەقیان لەلایەن (د. سالار تاوگۆزی) كراون بە عەرەبی و لە ڕۆژنامەی ئەلمەشریق و، ئەلنهار بڵاوكراونەتەوە، هەروەها (6) دەقیان لەلایەن (پشتیوان كەمال و خاتوو دەیڤید شوك)ەوە كراون بە ئینگلیزی و لەماڵپەڕە جیهانیەكان بڵاوكراونەتەوە، هەروەها دەقێك لەلایەن (خاتوو ڤیەننا سەلام) كراوە بەئینگلیزی.

حوسێن لەتیف وتیشی: لەلایەن (د. ملكۆ ئەحمەد) لێكۆڵینەوەیەكی پراگماتی لەسەر دەقی محەمەدی ناو ئەم كۆمەڵە شیعرە نووسراوە، هەروەها نوسەر و ڕەخنەگر (شاخەوان سدیق) لەسەر دەقی (نیگەرانیی) بابەتێكی نوسیووە.

نوسەر روونیدەكاتەوە، تێكڕای ئەو شیعرانە ناوەڕۆكەكەیان لەباری جەنگ و قوربانیانی جەنگەوەیە ئەم كۆمەڵە شیعرە نوێیەشی زۆرتر "بۆنی خوێنی ژن و مناڵی كوردی لێدێت. ئەمەش گۆڕانێكە لە گوتاری شیعری مندا".


ڕیکلام