ئامارەكانی تووشبوون بە كۆرۆنا لە سلێمانی روو لە بەرزبوونەوەیە

  2020-08-19  | 
دۆسیە:  سلێمانى
 تۆڕی هەواڵی ژیان
تەندروستی سلێمانی رایگەیاند ئامارەكانی تووشبوونی كۆرۆنا روو لە بەرزبوونەوە دەكەن و لە ئێستاشدا 25 كەس لەژێر چاودێری چڕدان و 700 كەسیش پلازمانیان بەخشیوە.

یاد نەقشبەندی، وتەبێژی تەندروستی سلێمانی بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی راگەیاند: لەدوای جەژنەوە پێشبینیمان كردبوو كە جارێكی دیكە ئامارەكان بەرزببنەوە، هەرچەندە ژمارەكان زیادی كردووە، بەڵام هاوشێوەی دوای جەژنی رەمەزان نیە. 

ئەو داوایكرد هاوڵاتیان پابەندبن بە رێنماییەكانەوە ئاشكرایكرد لە ئێستادا شوێن هەیە بۆ نەخۆش ئێستا دۆخەكە نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی شوێن نەمێنێت بۆ تووشبووانی كۆرۆنا. 

وتەبێژی تەندروستی سیلێمانی رایگەیاند بەرزبوونەوەی ئامارەكان پەیوەستە بە هاتنی ئەو ژمارە گەشتیارەی لە جەژنی قورباندا روویان لە سلێمانی كردووە، ئەنجامەكەشی دەبینین كە ئامارەكان زیادیكردووە، بەڵام ئەم جەژنە ئامارەكان بۆیە هاوشێوەی جەژنی پێشوو نیە هۆكارەكەی ئەوەیە كە خەڵكی سلێمانی باشتر رێنماییەكانی تاكپارێزیان جێبەجێكرد. 

نەقشبەندی وتیشی، لە ئێستادا هیچ حاڵەتێكمان نیە لەسەر ئامێری هەناسەدانی دەستكردبن، بەڵام 25 حاڵەتێكیش هەیە لەژێر چاودێری چڕدان و ئەوانەش دۆخیان جیاوازە. 

ناوبراو راشیگەیاند لە ئێستادا هیچ كێشەیەكی پشكنین لە سلێمانی نیە، ئەوە پزیشكە بڕیاری پشكنین دەدات بۆیە دەرێت بڵێم توانای تەواومان هەیە بۆ پشكنینەكان، دڵنیایی دەدەین دۆخەكە بەشێوەیەكی ئاسایی بەرێوە دەچێت. 

لە بارەی بوونی كێشەی پلازما روونیكردەوە: هاوڵاتیان زۆرجار بۆخۆیان داوای پلازما دەكەن بەبێ ئەوەی پزیشك داوای بكات، لێرەوە رایدەگەیەنم كە پلازمای عەمباركراومان هەیە و نزیكەی 700 كەس تا ئێستا پلازمای بەخشیوە، ئەو پزیشكەی بڕیاردەدات لە بەكارهێنانی پلازما هەر خۆشی دەستبە ئامادەكردنی دەكات بۆ نەخۆشەكە. 


ڕیکلام