مایک پۆمپیۆ: داوامان لە عێراق کردووە بودجەی هەرێم بنێرێت

  2020-08-19  | 
واشنتن
کۆنفڕانسی رۆژنامەوانی مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق
فۆتۆ: میدیاکانی ئەمریکا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، داوامان لە عێراق کردووە بودجەی هەرێم بنێرێت، وتیشی عێراقکمان دەوێت گەندەڵی تیانەبێت.

دوابەدوای کوبوونەوەیان لەگەڵ شاندی عێراق بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە لە واشنتن، مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی هاوبەشیان ئەنجامدا و لە کۆنفڕانسە رۆژنامەوانییەکەدا، پۆمپیۆ رایگەیاند، هیوادارین گەندەڵی لە عێراق بنەبڕ بکرێت و عێڕاقێکمان دەوێت گەندەڵی تیانەبێت.

ئاشکراشیکرد، داوایان لە حکومەتی عێراق کردووە کە بودجەی هەرێمی کوردستان بنێرێت.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوەشکردەوە، بەردەام دەبن لە پشتیوانیکردنی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و گروپە تیرۆریستییەکان.

لایخۆشیەوە فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق سوپاسی بەرپرسانی ئەمریکای کرد، بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی کە لە شاندی عێراق کردوویانە.

راشیگەیاند، بەهەموو شێوەیەک هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ واشنتن دەکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.

فواد حسێن ئاماژە بەوەشکرد، کە لە میانی سەردانەکەیان بۆ ئەمریکا، چەند رێککەوتنێک لەبوارەکانی وزە و پیشەسازی لەگەڵ واشنتن ئیمزا دەکەن.

رۆژی سێشەممە ١٨ی ٨ی ٢٠٢٠، شاندێکی عێراق بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە گەیشتە واشنتن و پێش سەردانەکەش، کازمی بە ئاژانسی ئەسیۆشیەتد پرێسی راگەیاندبوو، بۆ روبەڕوبوونەوەی مەترسییەكانی داعش، تاوەکو ئێستاش عێراق پێویستی بە یارمەتی ئەمەریكا هەیە.

ئاماژەی بەوەشکردبوو، هەمیشە پێویستیان بە هاوكاری و هەماهەنگی دەبێت، لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ئەگەرچی بەشێوەی راستەوخۆی سەربازیش نەبێت، بەڵام لە رووی مەشق و راهێنان و ناردنی چەكەوە پێویستیان بە هاوكارییە.

هاوکات سەرچاوەیەکی حکومەتی عێراق ئاشکرایکرد، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە میانی سەرانەکەی بۆ واشنتن، داوای پارە و کۆمەکی دارایی لەویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات.                                                                                                             
میدیا عێراقییەکان  لەزاری ئەو سەرچاوەیەوە بڵاویانکردەوە، کازمی ئەو کۆمەکە داراییە بۆ دۆسیەی مرۆیی لەعێراقدا داوا دەکات، بەتایبەت بۆ هەردوو دۆسیەی ئاوارەکان و ڤایرۆسی کۆرۆنا.


ڕیکلام