سیاسیەتی عێراقی داوای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی عێراق و ئیسرائیل دەکات

  2020-08-19  | 
میسال ئالوسی سەرۆکی حزبی ئومەی عێراقی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
میسال ئالوسی سەرۆکی حزبی ئومەی عێراقی و پەرلەمانتاری پێشوو داوایکرد، حکومەتی وڵاتەکەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیلیدا ئاسایی بکاتەوە.

میسال ئالوسی بە روسیا تودەی ڕاگەیاندووە، پێویستە عێراق ئارامی و ئاسایشی تیا بەرپا بکرێت، چونکە سەرچاوەی ئاساییە لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ئالوسی وتوویەتی "ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان بە مانای لاوازکردنی دەوڵەتی عێرا ق نییە، بەقەد ئەوەندەی دڵنیایە بۆ پاراستنی ماف و کەرامەتی مرۆڤی عیراقی لەلایەن دەوڵەتەوە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، گەر سیاسییەکانی عێراق لەئێران ناترسن و تاران کۆنترۆڵی بریارەکانیان ناکات، ئەوا عێراق پێش ئیمارات دەکەوت لە ئیمزاکردنی ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیلدا.

لەبەشێکی دیکەی وتەکانیدا ئالوسی جەختیکردەوە، ئەو دروشمانەی کە لەلایەن کەسانی شەڕخوازەوە بانگەشەی بۆ دەکرا عێراقی گەیاندە ئەم دۆخەی ئێستای ، ناکرێت خەڵکی لەودۆخەی ئێستایدا بهێڵرێتەوە، تاقیکردنەوەی لەهەڵبژاردنەکاندا بۆی دەرکەوتووە کە خواستێکی جەماوەریی عێراقی هەیە، بۆ ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیلدا.

ئالوسی ئاشکراشیکرد، نزیکەی ٥٠٠ هەزار جولەکەی عێراقی لە ئیسرائیلدا بوونیان هەیە، ئەو کەسانەش مافیان هەیە لەعێراق و پردی پەیوەندیی ئاشتین لەنێوان هەردوو وڵاتدا، بۆیە داوای لە حکومەتی وڵاتەکەی کرد پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو دەوڵەتەدا ئاسایی بکاتەوە.

ئەو لێدوانانەی ئەو کەسایەتیە سیاسیە عێراقیە لەکاتێکدایە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕۆژی ٦ی ئەم مانگە هەڵویستی خۆی لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل دەربڕی و ڕایگەیاند، عێراق جەختدەکاتەوە لە هەڵوێستی نەگۆری خۆی دەربارەی کێشەی فەلەستین، کە داگیرکاری ئیسرائیل بۆسەر خاکی فەلەستین ڕەتدەکاتەوە و بەهیچ شێوەیەک پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیلدا ئاسایی ناکەنەوە.

 



ڕیکلام