دۆناڵد ترەمپ و مستەفا کازمی کۆبوونەوە

  2020-08-20  | 
واشنتن
کۆبوونەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆشکی سپی
فۆتۆ: میدیای ئەمریکا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
کۆبوونەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە واشنتن دەستیپێکرد و لە کۆبوونەوەکەشدا ترەمپ ئاماژەی بە رۆڵی کورد لە شەڕی دژ بە داعش کرد و رایگەیاند، کوردەکان دۆستێکی نزیکی ئێمەن و هاوکاری ئێمەیان کرد لە تێکشکاندنی داعش.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، ژمارەی هێزەکانیان لە عێراق کەمکردووەتەوە و ئەو ژمارەیەش کە ماونەتەوە، بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەکانی ئێران لە عێراقن.

ئاماژەی بەوەشکرد، خۆشحاڵدەبن بەو کاتەی کە عێراق پێویستی بەوان نابێت و بە تەواوەتی هێزەکانیان لە عێراق دەکشێننەوە.

وتیشی، لە ئێستادا ژمارەیەکی کەم سەربازی ئەمریکا لە سوریا بوونیان هەیە و هەڵسەنگاندن بۆ کشانەوەیان لە وڵاتە دەکەن.

سەرۆکی ئەمریکا راشیگەیاند، کوردەکان دۆستێکی نزیکی ئێمەن و هاوکاری ئێمەیان کرد لە شەڕی دژ بە داعشدا و تێکشکاندنی ئەو گروپە تیرۆریستییە.

ئەوەشی خستەڕوو، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ مستەفا کازمی پرسەکانی سەربازی و ئابوری تاوتوێ دەکەن.

لای خۆشیەوە، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق سوپاسی بەرپرسانی ئەمریکای کرد، بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی لێیانکردووە و رایگەیاند، واشنتن بەردەوام هاوکار و پشتیوانێکی بەهێزی بەغدا بووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمریکا رۆڵێکی گرنگی هەبووە لە هاوکاریکردنی عێراق بۆ روبەڕوبوونەوەی داعش و گروپە توندڕەوەکان.

لە بەشیکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، دەستوەردان و هێرشەکانی تورکیا بۆسەر وڵاتەکەی مایەی قبوڵکردن نییە.

بەپێی هەواڵێك كە ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراق بڵاویكردووەتەوە، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەركەوتوو بووە لە سەركردایەتیكردنی دیالۆگی ستراتیژی نێوان عێراق‌ و ئەمریكا لەبارەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق.

هەر لەو سەردانەدا، هەردوو لایەنی عێراق ‌و ئەمریكا جەختیانكردووە لەسەر رێزگرتن لە سەروەری خاكی عێراق ‌و سەلامەتی خاكەكەی.

رۆژی چوارشەممە ١٨ی٨ی٢٠٢٠، شاندێکی عێراق بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکە گەیشتە واشنتنی پایتەختی ئەمریکا و ئەگەرچی بڕیاربوو ئەمڕۆ کۆتایی بە سەردانەکە بێت، بەڵام بەهۆی کۆبوونەوەی دۆناڵد ترەمپ و مستەفا کازمی ماوەی سەردانەکە بۆ سبەینێ درێژکرایەوە.



ڕیکلام