لایەنگرانی پەکەکە و نەوەی نوێ تەقەیان لە خۆپیشاندەرانی زاخۆ و هێزە ئەمنییەکان کرد

  2020-08-21  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
رێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند لایەنگرانی پەکەکە و نەوەی نوێ و لایەنی دیکە، ئاراستەی خۆپیشاندانەکەی زاخویان گۆڕی بۆ درووستکردنی ئاژاوە.

دیندار زێباری لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت: حکومەتی هەرێم پابەندە بە پاراستنی ئازادی رادەربڕین و خۆپیشاندان مەدەنی بە مەبەستی باشتر کردنی ژیان و بژێوی هاووڵاتیان و بۆ بەرژەوەندی گشتی بێت، بەداخەوە خۆپیشاندانەکانی شەوی رابردووی زاخۆ ئاراستەیەکی دیکەی وەرگرت و توندوتیژی لێکەوتەوە

ئاشکراشیکردوە، لایەنگری پەکەکە و نەوەی نوێ و چەند لایەنێکی دیکە بەشدارییان لە خۆنیشاندانەکەدا کرد بە وتنەوەی دروشمەکانی پەکەکە ئاراستەی خۆپیشاندانەکەیان گۆڕی و تەقەیان لە هاووڵاتیان و هێزە ئەمنیەکان کرد و کاری تێکەدرانەیان ئەنجامدا.

رێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکان ئاماژەی بەوەشکردوە زۆر لەو کەسانەی بەشدارییان لە خۆئیشاندانەکەدا کرد بوو خەڵکی شاری زاخۆ نەبوون.

دیندار زێباری ئاماری توندوتیژییەکانی خۆپیشاندانەکەشی ڕاگەیاندوە و بەپێی ئامارەکە ٦١ کەس لە کارمەندانی هێزە ئەمنیەکان و ٤ هاووڵاتی برینداربوون کە یەکێکیان منداڵ بوو، هەروەها ٢٦ ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنیەکان و هاووڵاتیان و موڵکی تایبەتی و گشتی زەرەر و زیانیان پێکەوت.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتیەکان ڕەتیشدەکاتەوە هێزە ئەمنیەکان ڕاستەوخۆ تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردبێت و دەڵیت بەڵکو هێزە ئەمنیەکان رێگایان لە تێکدەران گرتووە دوای ئەوەی هەوڵی سووتاندنی موڵکی گشتی و تایبەتیان دا.

ئاشکراشیکردوە لە خۆپیشاندانەکەدا 18 کەس دەستگیرکراون کە چەکیان هەڵگرتووە و دەرکەوتووە چوار لەو کەسانە شۆفێرن،بۆیە لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.


ڕیکلام