دێوەزمەکەی پارتی

  2020-08-21  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
رووبەڕووبوونەوەی خۆپیشاندەران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی زاخۆوە زۆرترین کاردانەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێکەوتەوە، کاتێک هێزە ئەمنییەکان بە توندترین شێوە و بەلێدان و بەتەقەکردن بڵاوە بە خۆپیشاندەران دەکەن.


خۆپیشاندانەکەی شۆفێرانی بارهەڵگر لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل دژی هاتنی بارهەڵگرەکانی تورکیا یەکێکە لە بەرفراوانترین خۆپیشاندانەکانی سنووری پارێزگای دهۆک و نمونەیەکەکی دیاری سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانن لەو ناوچەیە، کە ژمارەیەکی زۆر خەڵک بەشداریان کرد و بەهۆیەوە نزیکەی 200 کەس بریندابوون.

لەماوەی رابردوو لە سنووری دهۆک کەمترین گردبوونەوە و خۆپیشاندان و ناڕەزایی مۆڵەتیان پێدراوە، زۆرجاریش هێزە ئەمنییەکان  دوای خۆپیشاندانەکان کەوتوونەتە گیانی رێکخەران و بەشداربوونی خۆپیشاندانەکان.

چاودێرانی سیاسی جەخت لەوە دەکەنەوە پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرترین ترسی لە ئەنجامدانی خۆپیشاندان هەیە و هەمیشە دەیەوێت واپیشانی بدات کە خەڵک لەو ناوچانەی ئەو حوکمڕانی دەکات خۆپیشاندان ئەنجامنادەن و خەڵکی نارازیی تێدا نییە.

پێشتر رۆژی 16ی ئایاری 2020، بەهۆی دواکەوتنی موچەکانیان و خراپی بارودۆخی ژیانیان، بەشێك لە مامۆستایان و فەرمانبەران لە دهۆک گردبوونەوەیەکی ناڕەزاییان ئەنجامدا، بەڵام بەپاساوی نەبوونی مۆڵەت لەڕێگەی هێزە ئەمنییەکانەوە بڵاوەیان پێکرا و زیاتر 100 کەسیش دەستگیرکران، جگە لەوەی شەوێک پێش ئەنجامدانی خۆپیشاندانەکە بەدەل بەرواری کە یەکێک بوو لە ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکە دەستگیرکرا.  و دوای چەند رۆژێک ئازاد کرا بەڵام دووبارە دەستگیرکرایەوە و دوو کەسی دیکەش بە تۆمەتی خۆپیشاندانەکە دەستگیر کرانەوە.

پارێزگاری دهۆک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هەڕەشەی توندی لەو کەسانە دەکات کە دەیانەوێت خۆپیشاندان بکەن. هاوکات دوای خۆپیشاندانەکەی زاخۆ ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنی و ئەندامانی پەرلەمان بۆچوونی خۆیان دەربڕیوە.

ئەحمەد حاجی رەشید، ئەندامی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، لەکاتی خۆپیشاندانەکانی عێراق دا سەرکردە باڵاکان لە کوردستان داوایان لە هێزە ئەمنیەکانی عێراق دەکرد کە توندو تیژی دژی خۆپیشاندەران بەکار نەهێنن، ئەی ئەوەی  لە زاخۆ بەڕێوە دەچێت لەئێستادا ناوی دەنێن چی ، چۆن ڕوتان دێت ، چۆن تەریق نابنەوە ، ئەو چەند ڕەویە دادتان نادات کەئێوە دیکتاتۆرترین و ستەمکارترین دەسەڵاتن ئەگەر بەرتان پێنەگیرێت، بەڵی بۆ ئازادی ، بەڵێ بۆ داد پەروەری.

شەوی رابردوو لە قەزای زاخۆ بەهۆی هاتنه‌ ناوه‌وه‌ی شۆفێرانی توركیا له‌ ده‌روازه‌ی ئیبراهیم خه‌لیل ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان و شۆفێران خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، بەڵام گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان خۆپیشاندەر و هێزە ئەمنییەکان درووست بوو.

ناڕەزایەتییەکە دوای ئەوە دێت کە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا ئۆتۆمبێل و بارهەڵگرەکانی تورکیا لە دەرەوازەی سنووری ئیبراهیم خەلیک بێنە نێو سنووری هەرێمی کوردستان و بڕیارەکەش نزیکەی 2000 کرێکار و شۆفێری سنوورەکە بێکار دەکات.


ڕیکلام