هاتوچۆی نێوان هەولێر و سلێمانی ئاسایی کرایەوە

  2020-08-21  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ژوری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بڕیاریدا هاتوچۆی نێوان پارێزگای هەولێر و سلێمانی ئاسایی بکرێتەوە.

لە دوای بەخشینی دەسەڵات لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ بە پارێزگارەکان بۆ ئاسایکردنەوەی هاتوچۆی نێوان شارەکان، ژوری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بڕیاریدا هاتوچۆکردن ئاسایی بکرێتەوە.

هەروەها هاتوچۆکردن لە نێوان هەولێر و شارەکانی دیکەی عێراقیش ئاسایی دەکرێتەوە بەڵام هاتنی گروپی گەشتیاری و خەڵکی بە کۆمەڵ رێگە پێدراو نیە.

هەروەها بڕیاریداوە بە کردنەوەی مزگەوتەکان بە ڕەچاوکردنی رێنماییە تەندروستیەکان و ئەمڕۆش مزگەوتەکان نوێژی هەینی تێدا ئەنجامدرا.

ئەوە لەکاتێکدایە لە سەرەتای مانگی ئازاری ڕابردووە بەهۆی بڵاوبونەوەی کۆرۆنا و بەبڕیاری وەزارەتی ناوخۆی هەرێم هاتوچۆی نێوان شارەکانی هەرێم لە ناوخۆدا و شارەکان لەگەڵ ناوچەکانی عێراقدا قەدەغەکرابوو.

ده‌قی بڕیاره‌كانی ژوری ئۆپەراسیۆنەکانی هەولێر

یەکەم: نوێژی هەینی لەمزگەوتەکانی سنووری پارێزگای هەولێر ڕێگە پێدراوە، بەپێی ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ئەومەرجانەی خوارەوە:-

1- نوێژخوێن دەبێت دەمامک و دەستکێشی پێبێت.

2-نێوانی نوێژخوێنان نابێت لە مەتر و نیوێک کەمتربێت.

3-قەدەغەکردنی شوێنێی هەڵگرتنی دەستنوێژ لەمزگەوت.

4- نوێژخوێن بەرماڵی خۆی ببات بۆ نوێژکردن و لەماڵەوە دەستنوێژهەڵبگرێت.

دووەم: سەرجەم دوکان و بازاڕ و مۆڵ و تەواوی ئەو شوێنانەی بۆ خزمەتی هاوڵاتییان کراوەن، دەبێت ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی جێبەجێبکەن و ڕێگەنەدەن هیچ کەسێک بەبێ بەستانی (دەمامک) بچێتە ژوورەوە، هەروەها خۆشیان (دەمامک) ببەستن، بەپێچەوانەوە ڕێکاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

سێیەم: چێشتخانە، کافتریا، شوێنە گەشتیارییەکان، دەبێت پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی و بەستانی (دەمامک) و سەرجەم ئەو مەرج و ڕێنماییانەبن کە شارەوانییەکان و دەستەی گەشت و گوزار بۆیانی دیاریکردووە، بەپێچەوانەوە ڕێکاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

چوارەم: شۆفێری ئۆتۆمبێلەکانی (تایبەت، بارهەڵگر، کرێ) دەبێت پابەندی ڕێناماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزیبن و لەکاتی هەبوونی سەرنشین لەگەڵیان پێویستە شوفێر و سەرنشین (دەمامک) ببەستن، هەر کەسێک سەرپێچی بکات، بەپێی بڕیاری بەیانی ژمارە(48)ی ساڵی 2020ی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، شۆفێر ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی دەبێتەوە.

پێنجەم: پێویستە هاوڵاتییانی سنووری پارێزگای هەولێر، بەڕەچاووکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی (دەمامک) بەکاربهێنن و مەودای نێوانیان لە مەترونیوێک کەمترنەبێت، هەرکەسێک لەدەرەوەی ماڵی خۆی بەبێ (دەمامک) ببینرێت بەپێی بڕیاری بەیانی ژمارە(48)ی ساڵی 2020ی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی دەبێتەوە.

شەشەم: ئەو شوێنانە بەداخراوی دەمێنەوە و ڕێگەپێدراونین:-

1- پرسەدانان لە (هۆڵ-ماڵ-ژێرخێوەت) و مەراسیمی سەرقەبران.

2- هۆڵه‌كانی ئاهه‌نگ گێران و هۆڵه‌كانی بووك گواستنه‌وه.

حەوتەم: هاتووچۆ لە نێوان پارێزگای هه‌ولێر له‌گه‌ڵ پارێزگاكانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان و عێراق کراوە دەبێت بۆ حاڵەتی پێویست، بەڵام لە ئێستادا هاتنی گروپی گەشتیاری بەکۆمەڵ بەداخراوی دەمێنێتەوە و ڕێگە پێدراو نییە.

ژووری ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگای هه‌ولێر

2020.8.21


ڕیکلام