کازمی: بۆ یەکەم جار هەڵوێستی ڕوونی ئەمریکام بەرامبەر عێراق بینی

  2020-08-21  | 
کۆبوونەوەی ترەمپ و کازمی
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
مستەفا کازمی ڕایگەیاند، بۆ یەکەم جارە هەڵوێستی ڕوونی ئەمریکای بەرامبەر عێراق بینیووە و دەشڵێ، ترەمپ ماوەیەکی دیاریکراوی بۆ کشانەوەی هێزەکانیان لە عێراق داناوە.

سەرۆک وەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕاگەیاندنە حکومییەکانی عێراق لە واشنتن ئاماژەی بەوەکرد، هەردوو لایەنی عێراقی و ئەمریکی بە دڵخۆشییەوەلە کۆبوونەوەکەی ئێوارەی دوێنێ هاتوونەتە دەرەوە کە تیایدا تاوتوێی هاوکاری ئابوری و ئەمنی کراوە.

کازمی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ترەمپ بە گرنگ و سەرکەوتوو باسکرد و وتی، ئەمریکا دەیەوێت تا سێ ساڵی داهاتوو هێزەکانی بەتەواوی لە عێراش بکشێنێتەوە.

هەرچەندە بە وتەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ئێستاشدا هێزێکی زۆر کەمی ئەمریکی لە عێراقدا ماون و ئەوانەشی کە ئێستا ماون زۆر پێویستن بۆ ڕاهێنان و گەشەپێدانی هێزەکانی سوپا و پۆلیسی عێراق.

کازمی لە چاوپێکەوتنەکەدا ئاماژەی بەو ڕێکەوتنە ئابوریانە کرد کە لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان کردوویانە و جەختیکردەوە، عێراق دەرفەتێکی باشی لەبەردەمدایە بۆ هاوبەشیکردن لەگەڵ وڵاتێکی پیشەسازی گەورە.

ئەو چاوپێکەوتنەی کازمی دوای ئەوە دێت ئێوارەی دوێنێ لە کۆشکی سپی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کۆبۆوە.


کازمی سێیەم سەرۆک وەزیرانی عێراقە لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ ەوە چووبێتە کۆشکی سپی و لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە کە پێشتر هەریەکە لە عەبادی و ئیبراهیم جەعفەری چوونە کۆشکی سپی.

 



ڕیکلام