لەبارەی خۆپیشاندانەكانی هەرێمەوە یاداشتێك دەدرێتە نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكان

  2020-08-21  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لەبارەی پێشێلكاریەكانی حكومەتی هەرێم شەش پەرلەمانتاری عێراق یاداشتێك ئاراستەی نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق دەكەن.


هەریەكە لە ئەحمەد حاجی رەشید، سەركەوت شەمسەدین، رێبوار كەریم محمود، غالب محەمد عەلی،  رابون مەعروف، موسەنا ئەمین، یاداشتێك ئاراستەی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق دەن و تیایدا داوا دەكەن فشاربخەنەسەر بەرپرسانی هەرێم دووربكەونەوە لە بەكارهێنانی توندوتیژی دژ بە خۆپیشاندەران. 

دەقی یاداشتەكە: 

بەرێز نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق
بابەت: پێشێلكاری مافی مرۆڤ لە كوردستان

بەرێز خاتوو جەنین بەلاخارست، نێردەی تایبەتی سكرتێری نەتەوە یەكگرتووەكان لە بەغداد، ئێمە وەك ژمارەیەك پەرلەمانتار و نوێنەری پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەم نامەیەتان ئاراستە دەكەین سەبارەت بە زیادبونی پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان و بەكارهێنانی توندوتیژی لەلایەن هێزە چەكدارە حزبییەكانەوە بەرامبەر خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز.
بە دیاریكراوی سەرنجتان بۆ خۆپیشاندانەكانی زاخۆ لە ۱۸ و ۱۹ ئاب و رۆژانی دوایی كە تیایدا هێزەكانی سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستان بە بەكارهێنانی چەك وبە فیشەك روبەروی گەنجانی خۆپیشاندەرانی شاری زاخۆ بونەوە و زیاتر لە ۱٠ كەس بە سەختی بە فیشەك برینداركراون. 
ئێوە ئاگادارن كە هەرێمی كورستان بە دۆخێكی ئابوری سەخت دا تێدەپەرێ و بێ كارییەكی زۆر رووی لە هاوڵاتیانی هەرێم كردووە بەجۆرێك شارێكی گرنگی وەك زاخۆ، كە ناوەندێكی بازرگانی مەزنە، گەنجەكانی بەدەست بێكارییەوە دەناڵێنن و كاتێكیش دەیانەوێت خۆپیشاندان بكەن بە توندترین شێوە وەڵام ئەدرێنەوە و زیندانی ئەكرێن و بێ هیچ پارێزەرێك ناچار دەكرێن واژوو لەسەر بەڵگەنامەیەك بكەن كە چیتر خۆپیشاندان نەكەن.

ئێمە داواتان لێدەكەین، بە حوكمی رۆڵتان لە عێراق لە پرۆسەی سیاسی و نوێنەرایەتی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەن لە عێراق، لە ئاست ئەم پێشێلكاریانە بێدەنگ نەبن و فشاربخەنەسەر بەرپرسانی هەرێم كە دوربكەونەوە لە بەكارهێنانی توندوتیژی دژ بە خۆپیشاندەران كە بۆ داواكردنی مافەكانیان و دژ بە گەندەڵی رژاونەتە سەرشەقامەكان.

لە گەڵ رێزمان،

1. ئەحمەد حاجی رەشید
2. سەركەوت شەمسەدین
3. د.رێبوار كریم محمود
4. غالب محمد عەلی
5. رابون مەعروف
6. د. موسەنا ئەمین


ڕیکلام