هەردوو لایەنی شەڕكەری لیبیا بڕیاری هەڵبژاردنیاندا

  2020-08-21  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هەردوو لایەنی شەڕكەری لیبیا بڕیاریاندا هەڵبژاردن لەو وڵاتە ئەنجام بدرێت و بۆ ئەوەش لە سەرجەم شوێنەكانی وڵاتەكە شەڕكردنیان راگرت.

ئێوارەی ئەمڕۆ حكومەتی ویفاق لە تەرابلسی لیبیا كە توركیا و چەند دەوڵەتێكی دیكە پشتیوانی دەكەن رایگەیاند، تەواوی كار و چالاكییە سەربازییەكان لە ناوچە جیاوازەكانی ئەو وڵاتە رادەگرێت و داواشیكرد لە مانگی ئازاری ساڵی داهاتوودا هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی ئەنجامبدرێت.

هاوكات عەقیلە ساڵح، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی لیبیا، كە بەشێكی دیكە لە وڵاتانی عەرەبی و ناوچەكە پشتیوانی دەكەن رایگەیاند: هەوڵدەدرێت بۆ بەرقەراركردنی ئاشتەوایی نیشتیمانی بە شێوەیەكی گشتگیر كە دەبێتە هۆی بنیادنانەوەی نیشتیمان و گرەنتیكردنی سەقامگیری. 

ئەوەش دوای ئەوە دێت كە ماوەی زیاتر لە شەش ساڵە شەڕ لە نێوان ئەو دوو لایەنەی لیبیادا ئەنجام دەدرێت و حكومەتی ترابلوس كە توركیا هاوكاری دەكات و نەتەوە یەكگرتووەكانیش پشتگیری دەكات، حكومەتی خەلیفە حەفتەر لە ڕۆژهەڵاتی وڵات كە زۆرینەی رێژەی نەوتی تێدایە لە دەستی خەلیفە حەفتەرە  و میسر هاوكاری دەكات.