نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا دابەزی

  2020-08-22  | 
دۆسیە:  نەوت
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەیانی ئەمڕۆ شەممە نرخی نەوتی خاوی برێنت لە بازاڕەكانی جیهاندا بە 44 دۆلار و 35 سەنت مامەڵەی پێوەكرا و بەهای یەك بەرمیل نەوتی ئەمریكیش بە 42 دۆلار و 34 سەنت مامەڵەی پێوەكرا.

ئەوە لە كاتێكدایە دوێنێ هەینی بەهای یەك بەرمیل نەوتی خاوی برێنت لە بازاڕەكانی جیهاندا بە 45 دۆلار و 06 سەنت و نرخی بەرمیلێك نەوتی خاوی ئەمریكی بە 42 دۆلار و 73 سەنت مامەڵەی پێوەكرا.  

بەوەش بازاڕی نەوت لەمڕۆدا تا ئێستا دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، كە جیاوازی نرخەكانی ئەمڕۆ بەراورد بە دوێنێ كەمتر لە دۆلارێك دابەزینە بۆ هەر بەرمیل نەوتێك لە هەردوو جۆری ئەمریكی و برێنت. 

نرخی نەوت لە ماوەی زیاتر لە سێ مانگی رابردوو بەرزبوونەوە بەخۆیەوە دەبینێت، هۆكارەكەشی بۆ ئاساییبوونەوەی دۆخی ژیانی خەڵك و كارگەكان دەگەڕێتەوە لە جیهان دوای گرتنەبەری رێكارەكانی روبەڕوبوونەوەی كۆرۆنا، بەشێكی دیكەشی بۆ رێككەوتنی وڵاتانی ئۆپیك پڵەس كە ئاستی هەناردەی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوتی سنورداركرد.

وڵاتانی ئۆپێك و هاوپەیمانەكانی بە سەركردایەتی سعودیە و رووسیا لە مانگی نیسان رێككەوتن بۆ هاوسەنگكردنەوەی بازاڕی نەوت ئاستی بەرهەمهێنان بە تێكڕا رۆژانە بەبڕی 9.7 ملیۆن بەرمیل نەوت كەمبكەنەوە. بڕیارەكە لە سەرەتای مانگی نیسان چووە بواری جێبەجێكردنەوە و تا كۆتایی مانگی تەممووز كاری پێكرا.



ڕیکلام