لەشاری ناسریە بارەگای زۆربەی حزبە سیاسیەکان ڕوخێنران

  2020-08-22  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
خۆپیشاندەرە توڕەکانی عێراق لە شاری ناسریە بارەکانی زۆربەی حزبە سیاسییەکانیان سوتاند و هەندێکیشیان بە شۆفڵ و حەفارە ڕوخاند.

میدیاکانی عێراق ڕایگەیاند، ڕوخان و سوتاندنەکە بارەگای سەرەکی هەریەکە لە حزبی دەعوە کە نوری مالیکی سەرۆکایەتی دەکات، هەروەها رەوتی حیکمە کە عەمار حەکیم سەرۆکایەتی دەکات، بارەگای ڕێکخراوی بەدر کە هادی عامری سەرۆکایەتی دەکات، لەشاری ناسریە سوتاون یان ڕوخێنراون.

ئێوارەی ڕابردووش بارەگای سەرۆکی میلیشیاکانی عەشائیبی ئەهلی حەق کە قەیس خەزعەلی سەرۆکایەتی دەکات، هەروەها بارەگی بەدری سەر بە هادی عامری بە تەواوی سوتێنران.

خۆپیشاندانەکانیش لەوەوە دروست بوو کاتێک ماتۆڕسکیلێک لەنزیک خێمەی خۆپیشاندەران لە گۆڕەپانی باشور لەناوەڕاستی شاری ناسریە تەقیەوە و بووە هۆی برینداربوونی ژمارەیەک خۆپیشاندەر و سوتاندنی خێمەکە بە تەواوەتی.

شاری ناسریەی باشوری عێراق، یەکێکە لەو شارانەی عێراق کە لەمانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوەوە خۆپیشاندانی فراوانی تێدا بەڕێوەچوو، بەهەمان شێوە ئەو کاتەش بارەگای سەرەکی زۆربەی حزبە سیاسییەکان سوتێنران.

ئەو خۆپیشاندانانەی ئەمڕۆ شاری ناسریە لەکاتێکدایە، دوێنی خۆپیشاندەران لەشاری بەسرە بارەگای پەرلەمانیان لەشارە سوتاند، وەک پەرچەکردارێک لە وەڵامی تیرۆرکردنی دوو چالاکوانی دیاری شارەکە.

هێزە ئەمنییەکانیش بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران، بۆمبی فرمێسکڕێژیان بەکارهێنا و خۆپیشاندەرانیش چەندین بۆمبی مۆلۆتۆفیان گرتە هێزە ئەمنییەکان.

خۆپیشاندەرانی بەسرە داوای دەستلەکارکیشانەوەی ئەسعەد عیدانی پارێزگاری بەسرەیان کرد، دوای ئەوەی دوو چالاکوانی دیاری شارەکە تیرۆر کران.

هەفتەی ڕابردوو لەپای ئاڵۆزییەکانی شاری بەسرە و کوشتنی چالاکوانێکی شارەکە، بەفەرمانی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، رەشید فلەیح فەرماندەی پۆلیسی شاری بەسرەی لە پۆستەکەی دوورخستنەوە.



ڕیکلام