بەگەرخستنی پرۆژەی ئاوی دوکانی دوو پێویستی بە ٢٠ ملیۆن دۆلار هەیە

  2020-08-23  | 
دۆسیە:  سلێمانى
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی ڕایگەیاند، شاری سلێمانی کێشەی ئاوی هەیە بە تایبەت سەبارەت بە دابینکردنی ئاوی تەواو بۆ سەرجەم و گەڕەک و ناوچەکانی دەوروبەری، ئەویش بەهۆی کێشەی شکانی بۆری و پەککەوتنی هەندێک لە ماتۆڕ و ترومپاکان و کەمی بودجەوە.

سەربەست عوسمان بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی بە تۆڕی هەواڵی ژیانی ڕاگەیاند، یەکێک لەکێشەکانی ئاو لەشاری سلێمانی پەیوەندیی هەیە بە پرۆژەی دووەمی ئاوی دوکان و تەقینی بۆری پرۆژەی ئاوی سەرچنار کە داوای بڕی ١٠٠ ملیۆن دیناریان کردووە بۆ نۆژنکردنەوەی پرۆژەکە لە وەزیری دارایی، چونکە هەندێک لە تروپاکان زیانیان پێگەیشتووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەگوێرەی ئەو توانایەی لەبەردەستیاندایە، بەردەوامن لە کارکردن بۆ دابینکردنی ئاوی پێویست بۆ هاووڵاتیان، بەتایبەت لەمەودواش بەهۆی گۆڕانی وەرزەوە خەڵک کەمتر پێویستی بە ئاو دەبێت.

بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، هەندێک لە بۆرییەکانی گواستنەوەی ئاوی دوکانی یەک کۆن بووە و پێویستی بەگۆڕینە، چونکە مێژووی ڕاکێشانی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵێ هەشتاکان، هەروەها  ئەو بۆریەی کە بە گەڕەکی باخاندا لەسەرچنارەوە دەڕوات بۆ گردی جۆگە، پێویستی بە گۆڕین هەیە و بودجەی گۆڕینەکەش پێویستی بە ٨٠٠ ملیۆن دینار هەیە و ناردوویانە بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی، چونکە بۆریەکە لەنزیک کانسپیکە نزیکەی ٥٠ پینەی پێوەیە.

جەختیشیکردەوە، ئەگەر بتەوێت بەتەواوی پرۆژەی ئاوی دوکانی دوو چاکبکرێتبە تەواوی بخرێتە گەڕ، پێویستی بە ٢٠ ملیۆن دۆلار هەیە، چونکە پرۆژەکانی ئاو هەمیشە پێویستی بە  چاککردنەوە و نوژەنکردنەوە هەیە، چونکە لە دیزاینی بنەڕەتی پرۆژەکە ئەگەر وەک خۆی جێبەجێ بکرێت، لە کاتژمێرێکدا توانای دابینکردنی ١٢ هەزار مەتر سێجا ئاوە لەکاتژمێرێکدا، هەروەها بەبەهای ٤٠ ملیار دینار دەرخستەیان بۆ تۆڕی ئاوی گەڕەکەکان، کە بەشێک لەگەڕەکان تۆڕی ئاوی خواردنەوەیان نییە، هەندێک گەرەک هەیە ناتوانین بە تانکەریش ئاویان بۆ دابین بکەن، چونکە نزیکەی ٣٠ تانکەری ئاویان شکاوە و پێویستی بە نزیکەی ١٠٠ ملیۆن دینار هەیە بۆ چاککردنەوەیان.

 



ڕیکلام