عێراق بۆ کەمکردنەوەی هاوردەکردنی غاز و کارەبای ئێران ڕوو لە ئەمریکا دەکات

  2020-08-23  | 
ئابوری
عێراق بۆ کەمکردنەوەی هاوردەکردنی غاز و کارەبای ئێران روو لە ئەمریکا دەکات
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
عێراق بۆ کەمکردنەوەی هاوردەکردنی غاز و کارەبای ئێران چەندین ڕێککەوتنی لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان ئیمزاکردووە.

ماڵپەڕی هەواڵی ئیسنا لەزاری عەلی عەلاوی وەزیری دارایی و جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردووەتەوە، ئەگەر وڵاتەکەی بتوانێت ئەو رێککەوتنانە بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە کە لەم سەردانەی چەند رۆژی رابردووی شاندی عێراق بۆ واشنتن، لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان ئیمزاکراون، ئەوا دەتوانێت ساڵی داهاتوو بەشێوەیەکی بەرچاو لە رێژەی هاوردەکردنی غازی سروشتی و کارەبای ئێران، کەمبکاتەوە.

ئیسنا ئاماژەی بەوەکردووە، لە سەردانەکەی هەفتەی رابردووی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق و شاندی یاوەری بۆ واشنتن، ژمارەیەک رێكکەوتن لەبواری وزەدا بەبەهای هەشت ملیار دۆلار لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان ئیمزا کراون.

لەگەڵ ئەوەشدا عێراق هەوڵدەدات بە راکێشانی سەرمایەگوزاری سعودییەکان، تۆڕی کارەبای خۆی لەرێگەی سعودیە و کوەیت-ەوە بە تۆڕی کارەبای کەنداو ببەستێتەوە.

عەلی عەلاوی وەزیری دارایی و جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاندووە، "بەبڕاوی من ساڵی داهاتوو هاوردەکردنی غاز و کارەبای ئێران کەمبوونەوەی بەڕچاو بەخۆیەوە دەبینێت، بەڵام تا ئەو کات هیچ بژاردەیەکی دیکەمان لەبەردەستدانییە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەدووری دەزانێت عێراق بتوانێت بەمنزیکانە جێگرەوەیەک بۆ هاوردەکردنی غاز و کارەبای ئێران بدۆزێتەوە، بەڵام بە بەستنەوەی کارەبای عێراق بە تۆڕی کارەبای کەنداو و جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە کە هەوڵی بۆدراوە و لەئێستادا تاوتوێ دەکرێت، دەتوانرێت ئامانجەکە بێتەدی.

لە ساڵی ٢٠١٨وە و دوای سەپاندی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئابوری و پیشەسازی ئێران، واشنتن فشاردەخاتە سەر بەغدا بۆ کەمڕەنگکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاران و کۆتاییهێنان بە هاوردەکردنی غاز و کارەبای ئێران، لە ماوەی رابردووشدا چەندین جار ماوەی بەخشینی حکومەتی عێراقی لە گەمارۆکانی، درێژکردووەتەوە.



ڕیکلام